بەغدا - INA - ئەحمەد فەڕاجی
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی بازرگانی، پلانێکی بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان ئاشکرا کرد، ئەمەش لە ڕێگەی سازکردنی خولی ڕاهێنانی پسپۆڕانە بەپێی پێویستیی بازاڕی کار.
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت سەر بە وەزارەتی بازرگانی، مالیک درێعی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕایگەیاند: "فەرمانگەکە، لەسەر بنەمای بڕیارێکی ئەنجومەنی هەماهەنگیی پیشەسازی، کار دەکات بۆ ئامادەکردنی خولی ڕاهێنان بۆ خاوەن پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان بە مەبەستی شیاوکردنیان و بەدەستهێنانی کارامەیی پێویست".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "فەرمانگەکە ڕاهێنەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەیە کە بە تەواوی پێگەیەنراون، جگە لە خاوەندارێتیکردنی مەنهەجی ڕاهێنانی نێودەوڵەتی، چونکە خاوەن پڕۆژە بچووک یان مامناوەندەکان پێویستیان بە کەسێکە ڕێنوێنییان بکات بۆ ڕێگای ڕاست، و شیاویان بکات و کارامەیی پێویستیان پێ ببەخشێت".
ئاماژەی بەوەشکرد: "فەرمانگەی پەرەپێدانی کەرتی تایبەت لەلایەن ئەنجومەنی هەماهەنگیی پیشەسازییەوە ڕاسپێردراوە بۆ ئامادەکردنی خولی ڕاهێنان بۆ خاوەن پڕۆژە بچووک و مامناوەندەکان، بە ناونیشانی جیاواز بۆ ئەم خولانە بەپێی پێویستیی بازاڕی کار".
ڕوونی کردەوە: "لەم خولانەدا سوود لە وەزارەتی کار وەرگیراوە، بەهۆی ئەو ئەزموون و دیدگایەی کە هەیەتی، لە پاڵ سوودوەرگرتن لە وەزارەتی پلان دانان، وەزارەتی پیشەسازی، یەکێتیی پیشەسازییەکانی عێراق و یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان، بە مەبەستی تەواوکاریی دیدگاکان لە نێوان لایەنە جیاوازەکاندا، و کارکردن بە شێوازی هاوبەش و تەواوکاری بە جۆرێک کە مسۆگەری بکات دەرەنجامی ئەم خولانە سوودبەخش بن بۆ گەنجان لە هەردوو ڕەگەز".
باسی لەوەش کرد: "مەنهەجێکی ساڵانە بۆ ئامادەکردنی خولەکان هەیە دوای پەسندکردنی لەلایەن وەزیرەوە، و بەسەر سەرجەم چینەکانی کەرتی تایبەتدا دەعمیم دەکرێت، هاوشان لەگەڵ نوێنەرانی کەرتی تایبەت و فەرمانگەکانی دەوڵەت، چونکە فەرمانبەر کاتێک شیاو بێت و پڕچەک بێت بە یاساکان، توانای دەبێت خزمەت بە کەرتی تایبەت بکات".
ڕوونیشی کردەوە: "فەرمانگەکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا سەدان خولی سازکردووە، و ڕاهێنانی بە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە پیاوان و ژنان لە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی کردووە".
سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا: "خولگەلێک هەن بە ناونیشانی گشتی کە تایبەتن بە بەڕێوەبردنی پڕۆژە، و هەندێکی تریان پەیوەستن بە ژمێریاری و بەڕێوەبردنی تاکەکانەوە، کە لەگەڵ پڕۆژە جیاوازەکاندا دەگونجێن، لە پاڵ بوونی خولی پسپۆڕانە"، ڕوونی کردەوە کە "ئەم خولانە لایەنی تیۆری و پراکتیکی پێکەوە کۆدەکەنەوە بە مەبەستی بەدەستهێنانی کارامەیی، بۆ ئەوەی ڕاهێنراو دوای تەواوکردنیان زاڵ بێت بەسەر کارەکەیدا".
جەختیشی کردەوە کە "کەرتی تایبەت بەدوای ئەو گەنجانەدا دەگەڕێت کە لەم خولانە دەردەچن، چونکە فەرمانگەکە بڕوانامەی باوەڕپێکراویان پێ دەبەخشێت، هەروەها قەرزیش لە وەزارەتی کاردا هەیە کە مەرجی داناوە پێشایەتی (ئەولەویەت) بدرێتە ئەو گەنجانەی خاوەنی خولی ڕاهێنانن، و بڕوانامەکانی ئێمەش لەلایەن وەزارەتی کارەوە باوەڕپێکراون".