نەینەوا – INA - محەمەد حەداد
ئەمڕۆ دووشەممە، پارێزگاری نەینەوا، عەبدولقادر دەخیل، فەرمانگەی کارتی نیشتمانیی یەکگرتووی لە بەری ڕاستی شاری مووسڵ کردەوە، ئەمەش بە مەبەستی خێراکردنی ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان.
دەخیل بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ فەرمانگەی ڕەگەزنامە و زانیارییە شارستانییەکان (کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو)مان لە بەری ڕاستی شاری مووسڵ کردەوە، ئەمەش دوای تەواوبوونی کارەکانی نۆژەنکردنەوە و ئامادەکاری، بە ئامادەبوونی بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی ناوخۆ، حوسێن عەوادی، و سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، خالید عوبێدی، و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، محەمەد جبووری، و قایمقامی مووسڵ، هیشام هاشمی، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەکانی وەزارەتی ناوخۆ".
ئاماژەی بەوەشکرد کە: "ئەم هەنگاوە ئامانج لێی چارەسەرکردنی ئەو دواکەوتنە کەڵەکەبووەیە کە لە ساڵانی ڕابردوودا لە دەرکردنی کارتی نیشتمانیدا هەبووە"، هاوكات ڕوونی کردەوە کە "فەرمانگە نوێیەکە بەشدار دەبێت لە ئاسانکاریی ڕاییکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و ڕۆتینی کارگێڕی".
دەخیل جەختی کردەوە کە "ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە نەینەوا بەخۆیەوەی دەبینێت، بەرهەمی هاوکاریی نێوان هاووڵاتیان، دەزگا ئەمنییەکان و حکومەتی خۆجێییە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم فەرمانگەیە زیادکردنێکی گرنگە بۆ کەرتی خزمەتگوزاری و دەبێتە هۆی خێراکردنی بەدەستهێنانی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە سەرانسەری پارێزگاکەدا".
لەلایەن خۆیەوە، بریکاری پێشکەوتووی وەزارەتی ناوخۆ، حوسێن عەوادی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "نەینەوا ئەمڕۆ ڕابوونێکی ڕوون بەخۆوە دەبینێت سەرەڕای ئەو تەحەدییانەی کە پێیدا تێپەڕیوە"، جەختیشی کردەوە کە "کردنەوەی ئەم تەلارە خزمەتگوزارییە ڕەنگدانەوەی قەبارەی پاڵپشتیی حکومەتە بۆ پارێزگاکە و ئاستی هاوکاریی نێوان سەرکردایەتییە ئەمنی و خۆجێییەکانە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەدواداچوونی واقیعی ئەمنی و خزمەتگوزاری بووە لە نزیکەوە"، باسی لەوەش کرد کە "پارێزگاکە لە سەقامگیریی ئەمنی و تەبایی نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا دەژیت، ئەمەش توانای نەینەوا دووپات دەکاتەوە بۆ هەنگاو نان بەرەو پێشکەوتنی زیاتر".