بەدواداچوون – INA
پزیشکانی پسپۆڕ لە نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ لە توێژینەوەیەکی نوێدا هۆشداری دەدەن لە بەردەوامبوون لە گرتنەوەی میز بۆ ماوەیەکی درێژ لە کاتی کارکردندا، و جەختیش دەکەنەوە کە زیانەکانی ئەم خووە تەنها بریتی نییە لە هەستکردن بە ناڕەحەتییەکی کاتی، بەڵکو دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستیی مەترسیدار کە لە ماوەیەکی درێژخایەندا کاریگەری لەسەر میزڵدان و گورچیلەکان دادەنێت.
میزڵدان ئەندامێکی نەرمە و بە شێوەیەک دیزاین کراوە کە لە سنووری سروشتیدا کشانی و خاو ببێتەوە، بەڵام دواخستنی میزکردن بە شێوەیەکی دووبارە، ناچاری دەکات زیاتر بکشێت،ئەمەش وردەوردە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە نەرمییەکەی و توانای کارکردنی بە شێوەیەکی کارا لەدەست بدات.
پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن کە کشانی زۆری میزڵدان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای بەتاڵبوونەوەی تەواو، ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە "میزچوونەوەی درێژخایەن" زیاد دەکات.
هەروەها توێژینەوەکان دەریدەخەن کە مانەوەی میز بۆ ماوەیەکی زۆر لەناو میزڵداندا ژینگەیەکی گونجاو بۆ گەشەکردنی بەکتریاکان دەڕەخسێنێت، ئەوەش مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی کۆئەندامی میزەڕۆ زیاد دەکات،بۆیە پزیشکان ئامۆژگاری دەکەن کە میزکردن بۆ زیاتر لە سێ بۆ چوار کاتژمێر دوانەخرێت، ئەوەش بۆ پاراستنی تەندروستی کۆئەندامی میزەڕۆ.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە گرتنەوەی میز بە شێوەیەکی دووبارە دەکرێت لەگەڵ تێپەڕبوونی کات ببێتە هۆی لاوازبوونی ماسولکەکانی میزڵدان و کشانیان، کە دواتر دەکرێت کێشەی وەک کۆنترۆڵنەکردنی میز یان دڵۆپە میز لە کاتی کۆکە یان پێکەنیندا لێ بکەوێتەوە.
خانمان زیاتر بەرکەوتەی کاریگەرییەکانی ئەم خووەن، بەتایبەت دوای منداڵبوون یان لەگەڵ بە تەمەنداچوون، ئەمەش بەهۆی لاوازی ماسولکەکانی حەوزەوەیە، هەروەها خۆدوورگرتن لە بەکارهێنانی تەوالێتی گشتی وادەکات هەندێک لە خانمان میزکردن بۆ ماوەیەکی درێژ دوابخەن، بۆیە رەفتارێک کە پزیشکان هۆشداری لەسەر دەدەن بەهۆی ئەو ئاڵۆزییە تەندروستییانەی کە رەنگە لێی بکەوێتەوە.
لە حاڵەتە پێشکەوتووەکاندا، کاریگەری گرتنەوەی درێژخایەنی میز دەگاتە گورچیلەکان، بەهۆی ئەو پەستانەی کە لە ئەنجامی بەتاڵنەبوونەوەی دروستی میزڵدان دروست دەبێت، ئەمەش ئەگەری زیان و ئاڵۆزییە مەترسیدارەکان زیاد دەکات.
بۆ خۆپاراستن، پسپۆڕان ئەم ڕێنماییانە دەخەنە ڕوو:-
1- خواردنەوەی ئاو: رۆژانە 6 بۆ 8 پەرداخ ئاو بخورێتەوە بۆ یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی چڕیی میز و کەمکردنەوەی ئەگەری هەوکردن و هەستیاری میزڵدان.
2- دانیشتنی دروست: پێشنیار دەکرێت بە شێوەیەکی دروست لەسەر تەوالێت دابنیشیت بۆ خاوبوونەوەی ماسولکەکانی حەوز و ئاسانکردنی بەتاڵبوونی میزڵدان.
3- تەکنیکی بەتاڵکردنی دووبارە: ئەنجامدانی چاوەڕوانکردنی 10 بۆ 20 چرکە دوای میزکردن و پاشان هەوڵدانەوە، بۆ دڵنیابوون لە بەتاڵبوونەوەی تەواوی میزڵدان.
لە کۆتایی ڕاسپاردەکانیاندا : پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە وەڵامدانەوەی ویستی جەستە بۆ میزکردن لە کاتی گونجاودا تەنها پرسێکی ئاسوودەیی نییە،بەڵکو هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ پاراستنی تەندروستی میزڵدان و گورچیلەکان و دوورکەوتنەوە لەو کێشانەی کە لە داهاتوودا چارەسەرکردنیان ئەستەم دەبێت.