بەغدا –INA
ئەمڕۆ یەکشەممە، نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار،جەختی کردەوە کە عێراق لە بنیاتنانی هاوبەشیی کارا لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار،لە کۆشکی سەلام لە بەغدا، پێشوازی لە عەبدوڵڵا دەردەری، یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمیی وڵاتانی عەرەبی لە بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا تاوتوێی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاریی هاوبەش لەنێوان عێراق و بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان و پشتیوانیکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان کراوە، جگە لە فراوانکردنی بوارەکانی هاوکاری لەو دەسپێشخەرییانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیانی هاوڵاتییان هەیە، و سوودوەرگرتن لە شارەزایی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانیکردنی پلانی چاکسازی و گەشەپێدان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە . سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە عێراق لە جێبەجێکردنی لەپێشینە نیشتمانییەکان لە ڕێگەی بنیاتنانی هاوبەشیی کارا لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەردەوامە، بەجۆرێک توانای دامەزراوە نیشتمانییەکان بۆ وەڵامدانەوەی پێداویستییە جیاوازەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتییان بەهێزتر دەکات.
لە بەرامبەردا،دەردەری،جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کارکردن لەگەڵ عێراق و پەرەپێدانی بوارەکانی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە نیشتمانییەکان، بەجۆرێک کە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی لەپێشینە هاوبەشەکان بکات.