نێودەوڵەتی – INA
وەزیری دەرەوەی میسر، بەدر عەبدولعاتی، لەگەڵ نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆف، دوایین پێشهاتەکانی ڕەوتی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران و ئەو هەوڵانەیان تاوتوێ کرد کە ئامانجیان گەیشتنە بە ڕێککەوتنێک کە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند کە عەبدولعاتی، ئێوارەی رۆژی شەممە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە ویتکۆفەوە پێگەیشتووە لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ دوایین پێشهاتە هەرێمییەکان.
بەیاننامەکە ئاماژهی بۆ ئهوهیش كردووه كه لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا باسی دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران و ئەو پەیوەندییانە کراوە کە لە ئارادان بۆ گەیشتن بەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە، بە شێوەیەک کە بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و کردنەوەی قۆناغێکی نوێ لە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی میسر دووبارە پێشوازیی وڵاتەکەی لەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوە دەربڕییەوە، و جەختی لەسەر پەرۆشیی میسر کردەوە بۆ بەردەوامبوونی هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان بۆ پاڵپشتیکردنی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە سەرنجی خەم و خواستەکانی هەموو لایەنەکان بدات، هاوکات داکۆکی لەسەر گرنگیی قۆستنەوەی ئەم دەرفەتەی ئێستا کردەوە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی.
لەلایەن خۆیەوە، ویتکۆف ستایشی ئەو هەوڵە چڕانەی کرد کە لەلایەن لایەنە هەرێمییەکانەوە، لە نێوانیاندا میسر، دراون بۆ پاڵپشتیکردنی ڕەوتی گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە، و هیوای خواست کە ئەم ڕێککەوتنە بەشدار بێت لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.