ڕۆژی هەینی بازاڕە جیهانییەکانی بۆرسە هەڵکشان و نرخی جیهانی نەوتی خاو داکشا، دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەک ئاماژەیان دا بە نزیکبوونەوەی ئەمەریکا و ئێران لە ڕێککەوتنی کۆتایی ئاشتی.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند ئەگەری هەیە "یاداشتێکی لەیەکتێگەیشنی زۆر بەهێز" لەگەڵ ئێران بەم زووانە لە وڵاتێکی ئەوروپا واژۆ بکرێت.
هاوکاتی ئەو دەنگوباسە لە کۆشکی سپییەوە، ڕاپۆرتە هەواڵییەکان ئاماژەیان کرد بە کردنەوەی تەنگەی هورمز، کە بووە هۆی دابەزینی نرخی نەوت.
ڕۆژی هەینی نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕە جیهانییەکان دابەزی بۆ نزیکەی 88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا بەهای بەرمیلێک نەوتی خاوی وێست تەکساس ئینتەرمیدییەیت لە نێوان 83 بۆ 86 دۆلار بوو.
بازاڕە جیهانییەکانی بۆرسە بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، بە جۆرێک نیکی 255ی ژاپۆن بە ڕێژەی 2.81٪ بەرزبووەوە، لە کاتیکدا بۆرسەی کۆسپی کۆریای باشور بە ڕێژەی 7٪ و هانگ سەنگی هۆنگ کۆنگ بەڕێژەی 0.65٪ و ئەی ئێس کەی ئوسترالیا بە ڕێژەی 1.54٪ بەرزبوونەوە.
لە ئەوروپاش بۆرسە سەرەکییەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەرەنسا بەرزبوونەوەیان بەخۆیانەوە بینی، لە کاتێکدا لە ئەمەریکا بەهای بۆرسەکانی داو جۆنس و نەسدەق و ئێس&پی 500 بە شێوەیەکی بەهێز لە هەڵکشاندابوون.
هەروەها بازرگانان و وەبەرهێنان چاوەڕێ دەکەن کۆمپانیای سپەیس ئێکسی ئیلۆن مەسک لە بازاڕی بۆرسەی نەسدەق دەست بە فرۆشتنی پشکەکانی بە هاوڵاتیان بکات لە ژێر سمبۆلی SPCX. بەهای جێگیری هەر یەکێک لەو پشکانە بریتییە لە 135 دۆلار و کۆی گشتی بەهاکەی دەگاتە تریلیۆنێک و 77 ملیار دۆلار.