🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

زانایانی ئەمەریکا 8 ساڵ کاریان کردووە بۆ بەرهەمهێنانی چیمەنێکی شیاو بۆ جامی جیهانی

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/12 21:41

چیمەنی جامی جیهانی ئەمساڵ ئاسایی نییە، بەڵکو گیایەکی تایبەتە و بەرهەمی هەش ساڵ لە کاری زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوامی زانایانی ئەمەریکایە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی فاست کۆمپانی، ئەو چیمەنانەی لە یاریگاکانی جامی جیهانی 2026دا بەکار دێن، زانایانی زانکۆی تێنێسی و زانکۆی میشیگان ستەیت نزیکەی هەشت ساڵ کاریان لەسەر کردووە و زیاتر لە 170 تاقیکردنەوەیان ئەنجام داوە بۆ بەرهەمهێنانیان.

فیفا مەرجی دیارییکراوی هەیە بۆ چیمەنی یاریگاکان بەوەی کە دەبێت سرووشتت بن و یارییکردن لەسەریان لە هەموو پارچەیەکی یارییگاکەدا وەک یەک بێت، وە بەرگەی فشاری زۆری ڕاکردن و کەوتنی یاریزانان بگرێت.

چیمەنی یاریگاکان فشاری زۆریان دەخرێتەسەر. بەپێی راپۆرتێکی ڕەن ڕێپ، لەماوەی هەر یارییەکی مۆندیالی 2022 دا کۆی گشتی ڕاکردنی هەموو یاریزانان لەسەر چیمەنەکان نزیکەی 220 کیلۆمەتر بوو.

یەکێک لە کێشەکانی بەردەم جامی جیهانی ئەمساڵ ئەوەبوو کە یارییەکان لە 16 شاری سێ وڵاتدا ئەنجام دەدرێن کە کەشوهەوای جیاوازیان هەیە. ئاڵەنگارییەکە بریتیبوو لە دروستکردنی چیمەنێک کە بەرگەی کەشوهەوای جیاوازی شارەکان بگرێت، بۆ نمونە هەوای سارد و بارانی تۆرنتۆ یان هەوای گەرم و شێدار و بارانی مەیامی یان یاریگای داخراوی شاری سیاتڵ لە باکوری رۆژئاوای ئەمەریکا.

لە دوای ساڵانێک تاقیکردنەوە، زانایان گەیشتن بە درووستکردنی تێکەڵەیەکی دیاریکراو لە چیمەنی جۆری بلوگراسی کنتاکی و رایگراس کە لە ویلایەتەکانی باکووری ئەمەریکا دەڕوێن.

چیمەنە نوێیەکە – لە سەدا 84 بلوگراسی کنتاکی و لە سەدا 16 رایگراس—هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە کە فیفا دیارییکردوون.

زانایان ئامێرێکی تایبەتیان دروست کرد بە ناوی فلێکس دیڤایس کە هەموو تایبەتمەندییەکانی قاچی یاریزانی تێدایە، وەک قورسایی و ڕۆیشتن و ڕاکردن و کەوتن. زاناکان وەک تاقیکردنەوە ئەو ئامێرەیان لە ناوچەی جیاوازی چیمەنی یاریگاکان بەکارهێنا بۆ دڵنیابوون لەوەی کە چیمەنەکە هەموو مەرجەکانی فیفای تێدایە.

بەپێی راپۆرتێکی سایەنس نیوز ئێکسپلۆرس، زانایان تەنانەت سیستەمێکی ڕووناکی تایبەتیان بەرهەم هێناوە بۆ دابینکردنی ڕۆشنایی بە گەشەکردنی چیمەن لەو یاریگایانەی کە داخراون و خۆر لەچیمەنەکەیان نادات.

لە جاری داهاتوودا کاتێک بینەری مۆندیال دەبیت، چاوێکیش بخە سەر چیمەنەکە چونکە ئەو چیمەنە بەرهەمی هەشت ساڵ کاری زانایانە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)