چاوەڕوان دەکرێت جامی جیهانی تۆپی پێی ئەم ساڵ چەندین تۆماری جیهانی بشکێنێت و یارییەکان زۆرترین بینەریان هەبێت و مۆندیالەکە پڕداهاتترین پاڵەوانی بێت و زۆرترین چالاکی ئابووری بەرهەم بهێنێت.
ئەمە یەکەمین جارە لە مێژوودا سێ وڵات -- ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا -- بە هاوبەشی میوانداری مۆندیال دەکەن.
مۆندیالی 2026 گەورەترین پاڵەوانێتییە لە مێژووی فیفادا، کە تێیدا 48 تیم و هەزار و 248 یاریزان بەشداری تێدا دەکەن. پاڵەوانێتییەکە بۆ ماوەی 39 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و 16 شار میوانداری یارییەکان دەکەن.
پێشتر لە مۆندیالی 1998 هەتا مۆندیالی 2022، بە گشتی 32 تیم بەشدارییانلە 64 یاری دەکرد.
زیادکردنی ژمارەی تیمەکان بە یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان لە مێژووی جامی جیهانی تۆپێ پێ دادەنرێت. مەبەست لێی فراوانکردنی بەشداری وڵاتان و زیادکردنی تەماشاکار و برەودانە بە یاری تۆپی پێ لە جیهاندا.
بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی فیفا، چاوەڕوان دەکرێت جامی جیهانی ئەمساڵ زۆرترین بینەری ڕوودای وەرزشی هەبێت و پێشبینی دەکرێت نزیکەی شەش ملیار کەس—واتە سێ چارەکی تەواوی دانیشتوانی سەر زەوی— لەڕێگەی کەناڵە جۆراوجۆرەکانی میدیاییەوە تەماشای هەموو یان بەشێک لە یارییەکان بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە مۆندیالی 2022 کە وڵاتی قەتەر میوانداری کرد نزیکەی پێنج ملیار بینەری لە جیهاندا هەبوو.
بە گوێرەی چاودێرانی وەرزشوانی، کومەڵێک هۆکار وادەکەن کە ئەم مۆندیالە زۆرترین بینەری هەبێت؛ لەوانە زیادکردنی ژمارەی تیم و یارییەکان، وە کاتی ئەنجامدان و پەخشی یارییەکان لە ئەمەریکای باکوور گونجاوە بۆ بینەران لە ئەوروپا و زۆر لە وڵاتانی ئاسیا، بەوەی بینەری یارییەکان بن لە ئێوارە و شەودا. هەروەها ئەمەریکا گەورەترین بازاڕی میدیایی جیهانە و کەناڵی فۆکس سپۆرت مافی بڵاوکردنەوەی هەموو یارییەکانی بە زمانی ئینگلیزی هەیە و کەناڵی تەلەموندۆ بە زمانی ئیسپانی و چەندین کۆمپانیاش وەک گوگڵ پەخشی یارییەکان دەکەن.
لە مانگی سێی 2025 راپۆرتی دارایی فیفا پێشبینی کردووە کە جامی جیهانی 2026 نزیکەی 9 ملیار دۆلار داهات بۆ فیفا بهێنێت و ببێتە پڕداهاتترین پاڵەوانێتی تۆپی پێ لە مێژوودا.
هەروەها بەپێی راپۆرتێکی دەزگای میدیایی فۆربس پێشبینی دەکرێت مۆندیالی ئەمساڵ زیاتر لە 820 هەزار هەلی کار بڕەخسێنێت و نزیکەی 41 ملیار دۆلار چالاکی ئابووری بەرهەم بهێنێت، بەبەراورد مۆندیالی 2022 نزیکەی 20 ملیارد دۆلار چالاکی ئابووری بەرهەمهێنا.