🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی دەستدەگرێت بەسەر 13 ماڵپەڕی گومانلێکراودا

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/11 20:56

بەرپرسانی وەزارەتی دادی حکومەتی ئەمەریکا دەستیان گرت بەسەر 13 ماڵپەڕدا کە بەشێکبوون لە پلانێک بۆ فریودانی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی کە توانای دەست گەیشتنیان بە زانیاری هەستیار و نهێنی هەیە.

لە ڕاگەیەندراوێکی رۆژی چوار شەممەدا، وەزارەتی داد رایگەیاند کە چالاکییەکە لەلایەن وەزارەت و نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی (FBI) ئەنجامدراوەو ژمارەیەک ماڵپەڕ ی گرتووەتەوە کە گومان دەکرێت لەلایەن سیخوڕانی وڵاتی چینەوە بەڕێوەببرێن.

ماڵپەڕەکان خۆیان وە کۆمپانیای ڕاوێژکای ناساندبوو، هەلی کاری ناڕوونیان بە مووچەی باش بڵاودەکردوە، وە ئەو کەسانەیان دەکردە ئامانج کە پێشینەی کاری حکومی یان سەربازییان هەیە و مافی دەستگەیشتنیان بە زانیاری هەستیار و نهێنی هەیە.

ئەم کۆمپانیا ساختانە هەوڵیاندەدا کە لەژێر ناوی "کاری ڕاوێژکاری" زانیاری هەستیار لەو کەسانە بەدەست بهێنن کە داوایان بۆ ئیشکردن پێشکەش دەکرد.

جۆن ئایزنبرگ، یاریدەدەری ئاسایشی نەتەوەیی بریکاری وەزارەتی داد، وتی ئەو ماڵپەڕە ساختانە بەڵێنی دەستکەوتی مووچەی باشیان بەو کەسانە دەدا کە داوای هەلی کاریان پێشکەشدەکرد و هەوڵیان دەدا فریویان بدەن هەتا پابەندییە یاساییەکانی پاراستنی زانیاری نهێنی و هەستیار بشکێنن.

ڕاشیگەیاند، "دەستبەسەرداگرتنی ئەم ماڵپەڕانە هەندێ بەرچاوڕوونیمان پێدەدات لەسەر چۆنییەتی کارکردنی سیخوڕە بیانییەکان."

بەپێی نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی، ئەم ماڵپەڕانە بەشێکن لە هەوڵەکانی دەزگا سیخوڕییەکانی حکومەتی چین بۆ بەدەستهێنانی زانیاری هەستیار و نهێنیی دەربارەی داهێنان و توێژینەوە لەئەمەریکادا.

بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە پێشکەش بەدادگا کراون، چالاکییە سیخوڕییەکە لە تشرینی دووەمی 2023 دەستپێکردوەو بەلایەنی کەمەوە 13 ماڵپەڕی کۆمپانیای ساختەی ڕاوێژکاری دروستکراون. ئەم ماڵپەڕانە هەلی کاری وەک "توێژەری باڵا" و "ڕاوێژکاری کاروباری نێودەوڵەتی"، زۆرجار بەبێ ووردەکاری دەربارەی هەلی کار یان زانیاری لەسەر خاوەنکار، بڵاودەکردەتەوە. پاشان ئەم پۆستانە لە تۆڕە کۆمەڵاییەتییەکان و ماڵپەڕی تردا، کە ماڵپەڕی درووست و خاوەنپێگەی بڵاوکردنەوەی هەلی کارن، بڵاودەکرانەوە.

کاتێک کە ئارەزوومەندان داواکارییان پێشکەشدەکرد، کارمەندانی ماڵپەڕەکان فشاریان دەخستە سەریان بۆ دابینکردنی زانیاری "تایبەت" یان زانیاری "ناوەوە". لە هەندێ حاڵەتدا، ئارەزوومەندانی کار پارەیان لەبەرامبەر ئامادەکردنی راپۆرتی توێژینەوە پێشکەش دەکرا. بەڵام پارەکە لە ڕێگەی هەژماری ساختە و کریپتۆوە دەدران، ئەمەش بۆ شاردنەوەی سەرچاوەی پارەکە و سپیکردنەوەی.

ماڵپەڕەکان چەندین فروفێڵیان بەکاردە‌‌هێنا بۆ دەرکەوتن بەشێوەیەکی پیشەیی و راستگۆیانە، وەک بەکارهێنانی ژیاننامەی کەسایەتی درووستکراو و ناسنامەی دزراو و وێنەی درووستکراو بە ژیری دەستکرد. سەرەڕای ئەمانە، لێکۆڵەرەوانی فیدڕاڵی توانیان مەبەستی ڕاستەقینەی ماڵپەڕەکان ئاشکرابکەن و و مۆڵەتی یاسایی لە ڕێی دادگاوە بۆ دەستبەسەراگرتنی ماڵپەڕەکان وەربگرن.

پاش دەستبەسەرداگرتنی ماڵپەڕەکان، نوسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی نووسراوی لەسەریان داناوەو ئاگاداری سەردانکاران دەکاتەوە کە ماڵپەرەکان لە ئەنجامی چالاکییەکی نوسینگەکەوە و بە بڕیاری یاسایی داخراون.

ئایزنبرگ، یاریدەدەری ئاسایشی نەتەوەیی بریکاری وەزارەتی داد، داوای لە خەڵک کرد کە ووریابن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو ماڵپەڕانەی کە هەلی کاری ناڕوون بڵاودەکەنەوە یان کارەکە و مووچەکە ئەوەندە باشن گوومان لەبارەی ڕاستبوونیان درووستدەکات.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)