بەغداد - INA
وەزارەتی دەرەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرکۆنەکردنی خۆی بۆ ئەو هێرشانە ڕاگەیاند کە کرانە سەر خاکەکانی هەریەک لە شانشینی ئوردنی هاشمی، شانشینی بەحرەین و دەوڵەتی كوەیت، لە هەمان کاتدا داوای دانبەخۆداگرتن و یەکخستنی هەوڵەکانی کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "داخی قووڵی خۆی دەردەبڕێت بۆ دەستپێکردنەوەی پەرەسەندنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا بۆ جارێکی دیکە، و ئەو دەرئەنجامە مەترسیدارانەی کە لەوانەیە لێی بکەوێتەوە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی بکەن، لە کاتێکدا کە بارودۆخی ئێستا دەخوازێت زمانی گفتوگۆ و حیکمەت پێش بخرێت و هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان چڕبکرێنەوە".
وەزارەت داوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد کە "دان بەخۆدا بگرن، و هەوڵەکان یەکبخەن بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی جەنگ و پەرەسەندنی گرژییەکان، و کاربکەن بۆ گرتنەبەری ڕێگا دیپلۆماسییەکان و چارەسەرە ئاشتیانەکان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا، بە شێوەیەک کە بەشداربێت لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکەدا".
وەزارەتەکە جەختیکردەوە: کە "سەقامگیری وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی دراوسێ بەشێکی گرنگە لە سەقامگیری عێراق و ئاسایشی نیشتمانییەکەی، ئەمەش وا دەخوازێت پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بپارێزرێن، و پارێزگاری لە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکرێت کە خزمەت بە گەلانیان و خواستەکانیان بەرەو گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی دەکات".
وەزارەتەکە هۆشداری دا لە "مەترسییەکانی خلیسکانی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر، بەهۆی ئەو دەرئەنجامە نەرێنییە گەورانەی کە لەوانەیە لەسەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی جێیان بهێڵێت، و جەخت لەسەر گرنگی پاراستنی هاوسەنگی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییە ستراتیژییە هاوبەشەکانی نێوان لایەنە جیاوازەکان دەکاتەوە، بە شێوەیەک کە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژی و ناسەقامگیری زیاتر مسۆگەر بکات".