بەغداد - INA
سەرۆک وەزیران عەلی فالح زەیدی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، جەختی لە قووڵی پەیوەندییە نایابەكانی نێوان عێراق و ئیسپانیا و ئامادەیی بۆ پەرەپێدانیان کردەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عەلی فالح زەیدی، پێشوازی لە باڵیۆزی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق، ئەلیسیا ڕیکۆ پێرێس کرد".
بەیاننامەکە راشیگەیاند: "پێرێس پیرۆزبایی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا، پێدرۆ سانشێزی گەیاندە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکهێنانی حکومەتی نوێ"، هاوکات جەختی لە "پەرۆشی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیا و بەرفراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا".
هەر بەپێی بەیاننامەکە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کاتی دیدارەکەدا، جەختی لەسەر "قووڵی پەیوەندییە نایابەكانی نێوان هەردوو وڵات، و ئامادەیی عێراق بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی ئاستیان کردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی ئابووری، گەشەپێدان و وەبەرهێناندا، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هەردوو گەلی دۆست بگەیەنێت".
لەلایەن خۆیەوە، باڵیۆزی ئیسپانیا ستایشی "ئەو سەرکەوتنانەی کرد کە حکومەتی عێراق بەدەستی هێناون لە بواری بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا"، جەختیشیکردەوە کە "ئەم هەنگاوانە بەشدارن لە چەسپاندنی سەقامگیری و باشترکردنی ژینگەی وەبەرهێنان".
ئامادەیی و "ئارەزووی کۆمپانیا ئیسپانییەکانیشی دەربڕی بۆ بەرفراوانکردنی ئامادەیی و وەبەرهێنانەکانیان لە عێراق و بەشداریکردن لەو دەرفەتە گەشەپێدانانەی کە وڵاتەکە بەخۆیەوەیان دەبینێت".