بەغدا - INA
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی لە گرنگیی ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی کردەوە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و تەواوکاریی نێوان هەردوو سیاسەتی دارایی و نەختینەیی.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی دووەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەقامگیریی دارایی کرد.
ئاماژەی بەوەش کرد کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ کرا دەربارەی چوارچێوە گشتییەکانی کارکردنی ئەنجومەنەکە و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژە دارایی و نەختینەییەکان، جگە لە تاوتوێکردنی ئەو ڕێگایانەی کە زامنی چالاککردنی کەرتە جیاوازە ئابوورییەکان دەکەن و بەهێزکردنی توانایان بۆ بەشداریکردن لە گەشەی ئابووری و دابینکردنی هەلی کار.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیران جەختی لە گرنگیی ئەنجومەنەکە کردەوە، کە دەبێتە چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی کارا بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی و تەواوکاریی نێوان هەردوو سیاسەتی دارایی و نەختینەیی لە عێراقدا، بە جۆرێک کە یارمەتیدەر بێت لە چەسپاندنی سەقامگیریی ئابووری و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی گەشەپێدان و گەشەی ئابووری، ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەت بەرەو ئامادەکردنی دیدێکی ئابووری گشتگیر بۆ عێراق تا ساڵی ٢٠٥٠ هەنگاو دەنێت، کە بنەماکەی لەسەر هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و بەهێزکردنی وەبەرهێنان و بەرزکردنەوەی کارایی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکان لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکاندا کرایەوە؛ بۆ زامنکردنی بەدیهێنانی سەقامگیریی دارایی، و ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدییە ئابوورییەکان، و داڕشتنی ئەو سیاسەتانەی کە زامنی پاراستنی سەلامەتیی ئابووری نیشتمانی دەکەن و بەهێزکردنی توانای خۆگونجاندنی لە بەرامبەر گۆڕانکارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکاندا.