بەغدا - INA
فالح ساری، وەزیری دارایی، ئەمڕۆ چوارشەممە ئاشکرای کرد کە ئاراستەیەکی حکومی هەیە بەرەو ئامادەکردنی بودجەی پڕۆگرامەکان و گواستنەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە بودجە کلاسیکییەکانەوە، جەختیشی کردەوە کە حکومەت لە ناو بەرنامەکەیدا بایەخێکی زۆر و پێشینەی کارەکانی بە دۆسیەی ئابووری داوە.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دارایی کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، هاتووە: فالح ساری، وەزیری دارایی، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، کارداری ئەمریکا لە عێراق کرد، بۆ تاوتوێکردنی ئاسۆکانی هاوکاریی ئابووری نێوان عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکان، و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا.
وەزیر جەختی کردەوە کە حکومەت لە چوارچێوەی بەرنامەکەیدا پێشینەی کار و بایەخێکی زۆری بە دۆسیەی ئابووری داوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە قۆناغی داهاتوو چاکسازیی ئابووری و دارایی بەخۆوە دەبینێت کە ئامانجیان چارەسەری بنەڕەتیی ئاڵینگارییەکانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەت و بە هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها ئاشکرای کرد کە ئاراستەیەکی حکومی هەیە بەرەو ئامادەکردنی بودجەی پڕۆگرامەکان و گواستنەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە بودجە کلاسیکییەکانەوە، بە شێوەیەک کە کارایی خەرجییەکان بەهێز بکات و تەرخانکردنی دارایی بە ئامانج و ئەنجامەکانەوە ببەستێتەوە، و لەگەڵ پێداویستییەکانی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی بگونجێت.
لای خۆیەوە، کارداری ئەمریکا جەختی کردەوە لەسەر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ حکومەتی نوێی عێراق، و ئامادەیی بۆ بەهێزکردنی هاوکارییەکان بە شێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی ئالینگارییە ئابووری و داراییەکان، و بەدیهێنانی داهاتوویەکی ئابووریی سەقامگیرتر و گەشاوەتر بۆ عێراق.