🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دادگا: سزای چەند فەرمانبەرێک درا کە پلە و پۆستەکانیان بۆ وەرگرتنی بەرتیل بەکارهێناوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/10 13:44

بەغدا - INA

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەمڕۆ چوارشەممە، چەند بڕیارێکی سزای دژی چەند فەرمانبەرێک دەرکرد کە پلە و پۆستەکانیان لە بەرامبەر وەرگرتنی بەرتیلی دارایی بەکارهێناوە.

ڕاگەیەندراوێکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: دادگای تاوانەکانی موسەننا، سزای پێنج ساڵ و یەک مانگ زیندانی بۆ فەرمانبەرێکی فەرمانگەی تەندروستی پارێزگاکە دەرکردووە، بەهۆی تاوانی بەرتیل وەرگرتنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوانبارەکە بڕە پارەیەکی وەک بەرتیل وەرگرتووە لە بەرامبەر دامەزراندنی یەکێک لە دەرچووانی پیشە تەندروستییەکان بە پێچەوانەی ڕێنمایی و یاساکان، و سزاکە بەپێی ئەحکامەکانی ماددەی دووەم/١ لە بڕیاری ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣ دەرچووە.

هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ناوەندی، سزای چوار ساڵ زیندانی توندی بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرخی یەکەم و فەرمانبەرێکی تری هەمان فەرمانگە دەرکردووە، بەهۆی تاوانی بەرتیل وەرگرتنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد کە تاوانبارەکە داوای بڕی ٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی کردووە لە بەرامبەر بەکارهێنانی هەژموونی وەزیفی خۆی بۆ داخستنی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوانەی دژی سکاڵاکار پێکهێنرابوون، بە مەبەستی هێشتنەوەی لە پۆستەکەی وەک بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکان.

ڕاگەیەندراوەکەئاماژەی بەوەش کرد: سزاکە بەپشت بەستن بە ئەحکامەکانی ماددەی دووەم / ١ لە بڕیاری ژمارە ١٦٠ی ساڵی ١٩٨٣ی هەموارکراو و بە ئاماژەدان بە ماددەکانی بەشداریکردن (٤٧، ٤٨، ٤٩) لە یاسای سزادان دەرکراوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)