🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

سەرۆک کۆمار لە ساڵیادی داگیرکردنی مووسڵ: بە ئازارێکی قووڵەوە یادی یەکێک لە تاریکترین وێستگەکانی مێژووی عێراق دەکەینەوە

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/06/10 12:56

بەغدا - INA

نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ساڵیادی داگیرکردنی مووسڵ لەلایەن تاقمە تیرۆریستییەکانی داعشەوە، جەختی کردەوە کە ئەم یادە یەکێکە لە تاریکترین وێستگەکانی مێژووی عێراق.

سەرۆک کۆمار لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: لەساڵیادی ڕووداوەکانی 10ی حوزەیران، بەخەمێکی قووڵەوە یەکێک لە تاریکترین وێستگەکانی مێژووی عێراقی مۆدێرن وەبیردەهێنینەوە، کاتێک باندە تیرۆریستییەکانی داعش شار وخاکی ئێمەیان کردە ئامانج و تاوانی ترسناکیان لەدژی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق، مرۆڤایەتی، ناسنامە، مێژوو، شارستانیەتیان ئەنجامدا.

زیاتر وتی: لەم یادە پڕ لەئازارەدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە لەبەردەم گیانی پاکی ئەو شەهیدانەدا دەوەستین، کەبوونە قوربانیی تیرۆر، ئەو جینۆسایدە وەبیردەهێنینەوە کە لەشەنگال بەرامبەر خوشک و برا ئێزیدیەکانمان ئەنجامدرا، لەگەڵ ئەو کوشتن و ئاوارەبوون و کۆیلەکردن و پێشێلکارییە سەختانەی کەویژدانی مرۆڤایەتییان هەژاند، هەروەها کۆمەڵکوژی سپایکەرمان وەبیردەهێنینەوە، کەتێیدا سەدان گەنجی بێتاوانمان لە تاوانێک بوونە قوربانی، کەبۆ هەمیشە وەک شایەتحاڵی دڕندەیی و تاریکی ئایدۆلۆژیای تیرۆریستی دەمێنێتەوە.

هەروەها وتیشی: بەشانازی و شەرەفێکی بێ ئەندازە ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بوێرانەی عێراقییەکان لەبەرامبەر ئەم هەڕەشەیە لەبوونمان گرتیانەبەر وەبیردەهێنینەوە، کاتێک ڕۆڵەکانی نیشتمان، لەهەموو پێکهاتەو و نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکانەوە، یەکگرتوو بوون لەبەرگریکردن لەعێراق و سەروەرییەکەی .

ئاماژەی بەوەش کرد: سڵاو لەقارەمانەکانی هێزە ئەمنییە ئازاکانمان- سوپا، پۆلیس، هێزەکانی حەشدی شەعبی، هێزی حەشدی هؤزەکان، پێشمەرگە و هەموو ئەوانەی وەڵامی بانگەوازی نیشتمانییان دایەوە (فەتوای جیهادی) کەلەلایەن مەرجەعی باڵای ئایینی لەنەجەف دەرچووە، کە بەشداربوو لە کۆکردنەوەی ووزەکانی نیشتمانی و یەکخستنی ڕیزەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و شکستپێهێنانی تیرۆر

ڕوونیشیکردەوە کە عێراقیەکان سەلماندییان لەماوەی ئەو تەنگانەدا کەهێزی عێراق لە یەکگرتوویی و یەکڕیزی هاووڵاتیانیدایە و هەرچەند تیرۆر دڕندە و تاوانکاریش بێت، ناتوانێت ئیرادەی گەلێک بشکێنێت کەباوەڕی بە نیشتمان و ئایندەی خۆی هەیە.

باسی لەوەش کرد کە یادکردنەوەی ئەو ڕووداوانە دەبێت پاڵنەرێک بێت بۆ بەردەوامبوونمان لەکارکردن بۆ ڕێگریکردن لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە و چەسپاندنی بەهاکانی هاوڵاتیبوون و دادپەروەری و سەروەری یاسا و بەهێزکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی گەلەکەماندا..

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە بەرپرسیارێتی نیشتمانی ئێمە ئەمڕۆ، زیاتر لە جاران، پێویستی بەوەیە بەرەی ناوخۆ بەهێز بکەین، گوتاری نیشتمانی یەکبخەین، دەستکەوتەکانی بەدەست هاتوو بەخوێنی شەهیدان و قوربانیدانی قارەمانەکان بپارێزین و پێکەوە کاربکەین بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەهێز و دادپەروەر و ئاوەدان کە گەرەنتی کەرامەت و ئاسایش و دەرفەت بۆ هەموو عێراقییەکان بکات

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)