بەغدا - INA
قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە یادی داگیرکردنی مووسڵ جەختی کردەوە کە عێراقییەکان بە یەکڕیزی و تێکەڵبوونیان و هۆشیارییان ڕووبەڕووی ئەم پەلامارە وەحشیگەرییە دڕندانەیە بوونەوە.
ئەعرەجی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: بە ئازارێکی زۆرەوە یادی ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ دەکەینەوە، کاتێک تاقمە تیرۆریستییەکانی داعش شاری مووسڵی خۆشەویستیان داگیرکرد لە پەلامارێکی دڕندانەدا کە مرۆڤ و خاکی کردبووە ئامانج، لە ڕێگەی پیلانێکەوە بۆ تێکدانی یەکڕیزیی عێراقییەکان و پێکەوەژیانیان.
ڕوونیشیکردەوە کە لەکاتێکدا ئەم مێژووە بە ئازارە بەبیر دەهێنینەوە، بەوپەڕی شانازییەوە ئەوەش بەبیر دەهێنینەوە کە چۆن عێراقییەکان بە یەکڕیزی و تێکەڵبوون و هۆشیارییان ڕووبەڕووی ئەم پەلامارە وەحشیگەرییە دڕندانەیە بوونەوە، لەو کاتەدا عێراق خاوەنی بڕیاری کۆتایی بوو، بەجۆرێک گەل لەگەڵ هەموو جۆرەکانی هێزە چەکدارەکانی و حەشدی شەعبی و هێزەکانی پێشمەرگە و دەزگای دژەتیرۆر و هەموو قوربانیدەران تێکەڵ بوو.
زیاتر وتی: فەتوای مەرجەعییەتی ژیر، پەناگەیەک بوو بۆ حەق و چەترێک بوو بۆ قوربانیدەران لە داستانی سەرکەوتنێکدا کە هەموو عێراقییەکان دێڕەکانیان نووسییەوە.