بەغدا - INA
عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختی کردەوە کە حکومەت بەردەوامە لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی سەروەریی عێراق و پاراستنی بڕیاری نیشتمانی.
سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، ڕایگەیاند : لە 10ی حوزەیران یەکێک لە پڕ ئازارترین وێستگەکانی مێژووی عێراقی نوێ بەبیردێنینەوە، ئەو ڕۆژەی کە چەتە تیرۆریستییەکانی داعش شاری موسڵی حەدبای خۆشەویستیان داگیرکرد، ئەمەش لەچوارچێوەی پیلانێکی تاوانکاریدا کە عێراق و یەکڕیزی گەلەکەی و ئاسایش و سەروەری کردە ئامانج، هەوڵیان دا پێکهاتەی نیشتمانی تێک بدەن و دامەزراوەکانی دەوڵەت لەناو ببەن و پڕۆژەیەکی تاریکی نامۆ بەسەر بەها و مێژووی گەلی عێراقدا بسەپێنن.
وتیشی: ئەو باندانە قێزەونترین تاوانیان دژ بە گەلەکەمان ئەنجامدا، شار و گوندەکانیان تێکدا و خوێنی بێتاوانیان ڕشت و شوێنە پیرۆزەکانیان کردە ئامانج و بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوون و بێسەروشوێن بوونی هەزاران کەس، ئەمەش لە هەوڵێکی شکستخواردوودا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی عێراق و تێکدانی شوناسی نەتەوەیی یەکگرتوویان، بەڵام عێراق لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا ڕووبەڕووی ترسناکترین ئاستەنگی بووەوە و جارێکی دیکە سەلماندی کە وڵاتێکە ناتوانرێت بشکێنرێت، و لە وەڵامدانەوەی فەتوای جیهادی کیفائی مەرجەعییەتی باڵای ئایینی و لەژێر ئاڵای عێراقدا ڕۆڵەکانی گەلەکەمان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە یەکیان گرت، قارەمانێتی هێزە چەکدارەکان و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگە لەگەڵ قوربانیدانی گەلی عێراق و بە پاڵپشتیی برایان و دۆستانمان داستانێکی نەمری نیشتیمانییان تۆمارکرد کە بە ڕزگارکردنی خاکەکەمان و لەناوچوونی تیرۆر کۆتایی هات.
هەروەها وتی: ئەمڕۆ لەگەڵ یادکردنەوە ئەو قوربانییە مەزنانە، بەڵێن نوێ دەکەینەوە بۆ بەردەوام بوون لەسەر ئەو سەرکەوتنەی کە بە خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی پاڵەوانەکانمان و توانای پتەوی هێزە چەکدارەکانمان و دەزگا ئەمنییەکانمان نەخشێنرا.
جەختی کردەوە کە حکومەت پابەندە بە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی سەروەری عێراق و پاراستنی بڕیاری نیشتمانی سەربەخۆی و هێڵانەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت و درێژەدان بە ڕێڕەوی ئاوەدانکردنەوە و چاکسازی و گەشەپێدانی گشتگیر، بەشێوەیەک کە خواستەکانی گەلەکەمان بۆ دەوڵەتێکی بەهێز و بەتوانا و دەستەبەرکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە و دەرفەتی ئومێدبەخش بۆ هەموو هاووڵاتیانی بەدەست بهێنێت.
هەروەها ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی ئەو هێزە سیاسییانەی کرد کە پاڵپشتی ڕێبازی سەقامگیری و چاکسازی و گەشەپێدان دەکەن، بەشێوەیەک کە یەکڕیزی و هێزی بڕیاری نیشتمانی پتەوتر بکات و بەشدار بێت لە چەسپاندنی بناغەکانی دەوڵەت و بنیاتنانی ئایندەی عێراق و وتی:درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانمان، و سوپاس و پێزانین بۆ هێزە چەکدارەکانمان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە، هەروەها بۆ هەموو ئەوانەی کە بەشدار بوون لە بەدەستهێنانی سەرکەوتن و بەرگریکردن لە عێراق و سەروەری و یەکپارچەیی خاکەکەی.