فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا،سێنتکۆم ڕایگەیاند هێزەکانی بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا کۆتاییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێناوە لە دژی ئامانجەکان لە ئێران کە لە کاردانەوە بە خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری ئاپاچی ئەمەریکا ئەنجامدراوە.
سێنتکۆم لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە هێزەکانی ئەمەریکا لەو ئۆپەراسیۆنەدا لە فڕۆکە جەنگییەکانی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەمەریکا بۆ بە ئامانجگرتنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران و وێستگەکانی کۆنتڕۆڵی زەمینی و شوێنەکانی ڕاداری چاودێری لە نزیک تەنگەی هورمز کەڵکیان وەرگرتووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە "وەڵامێکی گونجاو" بووە لە کاردانەوە بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان لە ناوچەکەدا.
هەروەها سێنتکۆم جەختی لەوە کردووەتەوە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ئامادەباشییەکی بەرزدا ماونەتەوە و بە تەواوی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی "دەستدرێژییە بێ هۆکارەکانی ئێران".
بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاندووە شەوی سێشەممە لە هێرشەکانی ئەمەریکادا 20 ئامانج لە ناوخۆی ئێران هێرشیان کراوەتە سەر.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە سێنتکۆم ڕایگەیاندووە کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنەکانی هێناوە، بەڵام هێزەکان لە ئامادەباشیدا دەبن و سوپای ئەمەریکا ئامادەیە لە ئەگەری هەر تۆڵەسەندنەوەیەک لەلایەن ئێرانەوە وەڵام بداتەوە.