🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

پنتاگۆن زیاتر لە پەنجا کۆمپانیای چینی دەخاتە نێو لیستی ڕەشەوە

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/09 19:47

وەزارەتی جەنگ ناوی زیاتر لە پەنجا کۆمپانیای چینی بڵاودەکاتەوە کە چیتر ڕێگەیان پێنادرێت کاری بازرگانی لەگەڵ وەزارەتەکەدا بکەن.

لیستەکە کە رۆژی دووشەمە بڵاوکرایەوە، ناوی چەندین کۆمپانیای بەناوبانگی تێدایە، لەوانە کۆمپانیای دروستکردنی ئۆتۆمۆبیل بی وای دی و کۆمپانیای ئینتەرنێتی بایدو و کۆمپانیای ئینتەرنێتی عەلی بابا و کۆمپانیای درووستکردنی رۆبۆت یونیتری. بی وای دی و باید و عەلی بابا ڕایانگەیاندووە ئەم کارەی وەزارەتی جەنگی ئەمەریکا هیچ بنەمایەکی نییە.

وەزارەتی جەنگ لە بەیاننەمەیەکدا ڕایگەیاند بڕیاریداوە ئەو کۆمپانیایانەی ناویان لە لیستەکەدا هاتووە وەک " کۆمپانیای سەربازیی چینی" پێناسەبکات. لیستەکە ناوی ئەو کۆمپانیایانە لەخۆ دەگرێت کە لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بازرگانی یان دروستکردن یان بەرهەمهێنان یان هەناردەکردندا کاردەکەن و ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە سنوورەکانی ئەمەریکا خەریکی کارن.

پاش بڕیارەکە، ئەو کۆمپانیایانە ناتوانن کار لەگەڵ پەنتاگۆن بکەن و گرێبەست بەدەست بهێنن.

لیستەکەی پنتاگۆن بەشێکە لە جێبەجێکردنی بڕگەیەکی یاسایی کۆنگرێس کە لە ساڵی 2021 دا دەریکردوە و مەبەست لێی دیاریکردنی ئەو کۆمپانیا چینییانەیە کە پەنتاگۆن پێیوایە پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەیە. لیستەکە تەنها ئەو کۆمپانیایانە ناگرێتەوە کە ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپا و هێزە ئەمنییەکانی چینەوە کۆنترۆڵ دەکرێن، بەڵکو ئەوانەش دەگرێتەوە کە بەشدارن لە یارمەتیدانی پیشەسازیی بەرگری چیندا.

لەدوای دەرچوونی یاساکەی کۆنگرێس پەنتاگۆن 188 کۆمپانیای چینی خستوەتە نێو ئەو لیستەوە. لیستەکەی ئەمساڵ ناوی زیاتر لە 50 کۆمپانیای تێدایە.

ئامانجی سەرەکی یاساکە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکایە لە ڕێگەی چاودێریکردن و ڕێکخستنی کاری ئەو کۆمپانیانەی کە ڕەنگە پەیوەندییان بە سوپای چینەوە هەبێت یان بەشداربن لە هەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆ پێشخستنی پیشەسازی سەربازی بە گواستنەوەی داهێنانی مەدەنی بۆ بەکارهێنانی لەبواری سەربازیدا.

بەپێی یاساکە، کە تا کۆتایی ساڵی 2030 کاری پێدەکرێت، پێویستە ساڵانە پەنتاگۆن لیستەکە نوێ بکاتەوەو ناوی ئەو کۆمپانیایانە بڵاوبکاتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی ئەوکێشانەی کە لێکەوتەی کارو چالاکییەکانی ئەو کۆمپانیانەن لە ئەمەریکا.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)