بەغداد- واع
دەستەی فیدراڵیی دەستپاکی، ئەمڕۆ سێشەممە، دەرچوونی حوکمێکی ئامادەیی بە زیندانیی توند بۆ بەڕێوبەرێکی گشتی لە وەزارەتی پەروەردە ڕاگەیاند، لەسەر پاشخانی ئەنجامدانی تاوانی بەرتیل وەرگرتن.
دەستەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه: "دادگای تاوانەکانی ناوەندیی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، حوکمێکی ئامادەیی لە دژی بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی کەرخی یەکەم دەرکردووە، کە سزای چوار ساڵ زیندانیی توند و غەرامەکردنی بە بڕی 10 ملیۆن دینار بەسەردا دەسەپێنێت."
ڕوونیشیکردەوە کە "حوکمەکە لەسەر بنەمای سەلماندنی داواکردنی بڕی 50,000 دۆلار لەلایەن تاوانبارەکەوە لە یەکێک لە سکاڵاکاران دەرچووە؛ لەبەرامبەر دەستێوەردان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکێکی وەزیفەیی، کە بریتییە لە داخستنی ئەو لیژنە لێکۆڵینەوانەی لە دژی پێکهێنراون لە پەروەردەی کەرخی یەکەم و هێشتنەوەی لە پۆستەکەیدا وەک بەڕێوبەری یەکێک لە قوتابخانەکان."
زیادیشی کرد، کە "دادگا دوای چاوخشاندن بە بەڵگە و سەلمێندراوەکانی ناو دۆسیەکەدا، گەیشتە ئەو بڕوایەی کە ناوبراو کەم تەرخەم و تاوانبارە، بۆیە بڕیاری مەحکومکردن و سزادانی بە شێوەی ئامادەیی دەرکرد، بەپێی حوکمەکانی بڕیاری هەموارکراوی (ژمارە 160ی ساڵی 1983)."
ئاماژەی بەوەشکرد کە "دەستەکە لە کۆتایییەکانی ئازاری ڕابردوودا جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی دەرچوو لە دژی بەڕێوبەری گشتیی پەروەردەی کەرخی یەکەم ڕاگەیاندبوو، دوای ئەوەی تیمی لێکۆڵینەوەی دەستەکە توانیبووی یەکێک لە نێوانگیرەکان (واستەکان) بە سەرپێچییەوە دەستگیربکات کاتێک سەرقاڵی داواکردنی بڕی 50 هەزار دۆلار بەرتیل بووە؛ لەبەرامبەر هەڵوەشاندنەوەی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە دژی یەکێک لە بەڕێوبەرانی قوتابخانەکانی پەروەردەی کەرخی یەکەم."