زیقار - INA - محەمەد ناسر
پارێزگاری زیقار، هەیثەم حەمدانی، ئەمڕۆ سێشەممە، ڕزگارکردنی 17 بریندار و دەرهێنانی زیاتر لە 19 تەرمی سووتاوی بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی ڕاگەیاند، هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد کە سەرۆک وەزیران ڕێنماییداوە بە خێراکردنی پشکنینەکانی DNAی قوربانییەکان و گواستنەوەی تەرمەکان بۆ بەغداد.
حەمدانی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "پارێزگای زیقار ڕۆژێکی پڕ لە خەم و کارەساتێکی ڕاستەقینەی بەڕێکرد بەهۆی ڕووداوێکی هاتوچۆوە لەسەر ڕێگای خێرای نێودەوڵەتی، کە هۆکارەکەی هەڵەی شۆفێری پاسەکە بوو (خوای لێی خۆش بێت)، کە لە دوای ڕووداوەکە ئۆتۆمبێلەکە گڕیگرت."
وتیشی: "بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سوق شیوخ بە سەرجەم بەشەکانییەوە پەلەیان کرد بۆ شوێنی ڕووداوەکە و توانییان 17 هاوڵاتی لە ناو ئاگرە داگیرساوەکەدا ڕزگار بکەن"، ڕوونیشیکردەوە کە "فەرمانگەی تەندروستی زیقار سەرجەم تیمەکانی فریاکەوتنی ئاڕاستەی شوێنی ڕووداوەکە کردووە و بەشدارییان لە پرۆسەکانی ڕزگارکردندا کردووە."
ئاماژەی بەوەشکرد کە "دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە، زیاتر لە 19 تەرمی سووتاو دەرهێنران، لە کاتێکدا دانیشتوانی زیقار ڕاستەوخۆ دوای گواستنەوەی بریندارەکان و تەرمەکان، ڕوویان لە نەخۆشخانەکە کرد."
ڕوونیکردەوە کە "بەڕێوبەرایەتی پۆلیس دەستی بە ڕێکارە یاسایی و لێکۆڵینەوەییەکانی کردووە، بە ئامادەبوونی بەڕێوبەری پۆلیس، بەڕێوبەری هاتوچۆ و بەڕێوبەری ڕێگاوبانەکان، کاتێک ڕێکارە کارگێڕییەکان بە تەواوی جێبەجێ کران"، ئاماژەی بەوەشدا کە "سەرۆک وەزیران پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی ئەنجامداوە بۆ خێراکردنی ڕێکارەکان."
لە درێژەدا وتی: "هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی زیقار کرا بۆ گواستنەوەی تەرمە سووتاوەکان بۆ بەغداد، هەروەها سەرۆک وەزیران ڕێنماییدا بە وەزیری تەندروستی بۆ پەلەکردن لە پشکنینەکانی DNA"، جەختیشی لەسەر "بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی فیدراڵیدا" کردەوە.
حەمدانی ڕوونیکردەوە کە "سەرۆک وەزیران بە فەرمی دەسەڵاتی پێداوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی لە پێشکەشکردنی سەرەخۆشی بە بنەماڵەی قوربانییەکان لە پارێزگای بەسڕە"، و ستایشی "پێشوازی حکومەتی خۆجێی بەسڕەی کرد لە شاندە فەرمییەکەی زیقار"، جەختیشی کردەوە کە "ڕێکارە تەندروستییەکان خێرا بوون، بەو پێیەی بریندارەکان دەستبەجێ گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە، بە ئامادەبوونی کادرانی پزیشکی و بەڕێوبەری تەندروستی بۆ کاتژمێرانی درەنگانی شەو، و لە ئێستاشدا بەڕێوبەرایەتی تەندروستی بەدواداچوون بۆ دۆخی بریندارەکان لە نەخۆشخانەی تورکی حکومی دەکات."
زانیاریشی دا کە "بەدواداچوونی بەردەوام لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا هەیە بۆ تەواوکردنی پشکنینەکانی DNA بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی سەرۆک وەزيران."
لای خۆشیەوە، جێگری پارێزگاری بەسڕە، ماهر عامری بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "ڕووداوەکە بەژان بوو و دانیشتوانی بەسڕەی غەمبار کرد، و بەهۆی خراپی بەڕێوەبردن لەلایەن شۆفێرەکەوە ڕوویدا"، ڕوونیشیکردەوە کە "ڕووداوەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 20 قوربانی لە ڕۆڵەکانی پارێزگاکە."
وتیشی: "دەستێوەردانی خێرای حکومەتی زیقار و هێزە ئەمنییەکان بەشداربوو لە ڕزگارکردنی زیاتر لە 18 کەس"، جەختیشی کردەوە کە "ڕێکارەکان بەردەوامن بۆ تەواوکردنی پشکنینەکانی DNA و ڕادەستکردنەوەی تەرمەکان بە کەسوکاریان."
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای بەسڕە، خەلەف بەدران، لە قسەکانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)، داوای "سازدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی لە نێوان هەردوو پارێزگای بەسڕە و زیقار کرد بۆ چارەسەرکردنی ڕووداوە دووبارەبووەکانی هاتوچۆ"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "ڕووداوی کۆتایی بەهۆی ژمارەی زۆری قوربانییەکانەوە گرنگییەکی گەورەی پێدراوە."
پێزانینی خۆشی نیشاندا بۆ "پارێزگاری زیقار و شاندی هاوڕێی و دانیشتوانی پارێزگاکە بۆ هەڵوێستیان لە کاتی ڕووداوەکەدا"، و سەرەخۆشی خۆشی ئاڕاستەی کەسوکاری قوربانییەکان کرد.
لەلای خۆیەوە، بەڕێوبەری هاتوچۆی زیقار، عەمید زیاد عەدنان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕوونکردەوە: "ڕووداوەکە لە نێوان پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر (تریلە)دا ڕوویداوە، کاتێک دەرکەوتووە هۆکاری ڕووداوەکە خەوتنی شۆفێری پاسەکە بووە و لە دواوە کێشاویەتی بە تریلەکەدا."
وتیشی: "ڕووداوەکە بووەتە هۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی پاسەکە و کێشانی بە پەرژینی ئەمنیدا و وەرگەڕان و گڕگرتنی."
یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکانیش لە قسەکانیدا وتی: "قوربانییەکان لە سەردانیکردنی شاری نەجەفی ئەشرەف دەگەرانەوە، و ڕووداوەکە نزیکەی کاتژمێر 3:30ی بەرەبەیان ڕوویداوە، و کاتژمێر 7:30ی بەیانی ئێمە ئاگادارکراوینەتەوە."
لە کۆتاییدا وتی: "داوا لە وەزارەتی تەندروستی دەکەین پەلە بکات لە پشکنینەکانی DNA بۆ وەرگرتنەوەی تەرمەکان و ناشتنیان"، و ستایشی "هەوڵەکانی پارێزگای زیقاری کرد لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕووداوەکەدا."