ههولێر - INA
دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی پاداشتی دارایی بە هەر هاوڵاتییەک یان فەرمانبەرێک کە زانیاری و بەڵگەی دروست لەسەر بوونی گەندەڵی و کاری نایاسایی لە دامەزراوەکانی حکومەتدا ئاشکرا بکات، هاوکات پاراستنی ناو و ناونیشانی ئەو کەسانەش لەلایەن دەستەکەوە دڵنیایی پێدراوە.
بەپێی نووسراوێکی فەرمی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان کە ئاراستەی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان، هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران کراوە كۆپییهكی دهستیئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) كهوتووه تێیدا، ئاماژە بەوە کراوە کە لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، نەهێشتنی بەرتیل و ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات، هەر کەسێک بە بەڵگەوە دەستەی دەسپاکی ئاگادار بکاتەوە لە بوونی سەرپێچی، لەلایەن دەستەکەوە پاداشت دەکرێت.
بڕیارەکە هەر بەرپرس و فەرمانبەرێک دەگرێتەوە لە هەر ئاستێکی وەزیفیدا بێت، ئەم هەنگاوەش وەک هەوڵێکە بۆ پاراستنی سامانی گشتی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی هەرێم.