بەغداد - INA
خالد شوانی، وەزیری داد و ئارتشێل دزولیاسڤیلی، باڵیۆزی کۆماری جۆرجیا، ئەمڕۆ سێشەممە، باسیان لە واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن کرد بۆ گواستنەوەی سزادراوان لە نێوان بەغداد و تبلیسیدا.
وەزارەتی داد لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "خالد شوانی، وەزیری داد، لە بارەگای وەزارەت پێشوازی لە ئارتشێل دزولیاسڤیلی، باڵیۆزی کۆماری جۆرجیا (کە نیشتەجێی عەممانە) کرد، بە مەبەستی تاوتێکردنی ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە دووقۆڵییەکان لە بوارە دادی و یاساییەکانی نێوان هەردوو وڵاتدا."
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لەم دیدارەدا "باس لە دۆخی ئەو سزادراوە جۆرجییانە کرا کە لە دامەزراوەکانی چاکسازیی عێراقدا ڕاگیراون، هاوشان لەگەڵ تاوتێکردنی میکانیزمەکانی واژۆکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆماری عێراق و کۆماری جۆرجیادا سەبارەت بە گواستنەوەی سزادراوان، بە شێوازێک کە بگونجێت لەگەڵ چوارچێوە یاساییە پەسندکراوەکاندا و هاوکارییەکانی نێوان بەغداد و تبلیسی بەهێزتر بکات."
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە وەزیری داد جەختی کردووەتەوە لەسەر "پەرۆشیی وەزارەتی داد بۆ فراوانکردنی ئاسۆکانی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی دۆستدا، ئەمەش لە ڕێگەی بەستنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و ئاڵوگۆڕکردنی شارەزایی و ئەزموونەکان لە بوارە دادی و یاساییەکاندا، بە شێوازێک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و خزمەتکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا."
لەلای خۆیەوە، باڵیۆزی جۆرجیا "پێزانینی وڵاتەکەی بۆ ئاستی ئەو هاوکارییە دەربڕی کە لە ئێستادا لەگەڵ عێراقدا هەیە"، هاوکات دووپاتیشی کردەوە لەسەر "ئارەزووی جۆرجیا بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە هاوبەشەکان و بەهێزکردنی هەماهەنگی لە جیاوازترین ئەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولان."