بەغدا - INA - فاتیمە ڕەحمە
وەزارەتی بەرگری جەختی لەسەر پشتپەستنی تەواوەتی عێراق بە خۆی کردەوە لە پرۆسەی بنیاتنانی توانای سەربازی و پەرەپێدانی سیستەمی هەواڵگری و شەڕکەردا، تیشکی خستە سەر بەدیهێنانی پێشکەوتنێکی گەورە لە تواناکانی فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان، هێزە تایبەتەکان، و چەکی فڕۆکەوانیی سوپا، کە سەرجەمیان لەلایەن لێهاتووییە سەربازییەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێن.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندن و ڕێنمایی مەعنەوی لە وەزارەتی بەرگری، لیوا تەحسین خەفاجی، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕایگەیاند: "عێراق لە پرۆسەی بنیاتنانی تواناکاندا پشت بە خۆی دەبەستێت، و فەرماندەیی هێزە وشکانییەکان لە ڕووی توانا و لێهاتوویی لە مامەڵەکردن لەگەڵ تێرۆر، لە پڕچەککردن، کەرەستە، و ئیرادە لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوە، بڵاوبوونەوە و دابەشبووندا زۆر پێشکەوتووە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە، "هێزە تایبەتەکانی عێراق زۆر پێشکەوتوون، و چەکی فڕۆکەوانیی سوپاش خاوەن لێهاتوویی و توانای باڵایە لە هێزە گواستراوەکاندا لە ڕێگەی ئاسمانەوە، هەروەها سیستەمی هەواڵگری لە وەزارەتی بەرگری عێراق زۆر پەرەی سەندووە و پێش کەوتووە، بەتایبەتی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن)، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و ئەمنی، و لە بواری شیکردنەوە و دابینکردنی زانیاریی ورد بۆ کەرتەکان سەبارەت بە دوژمن".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئەمە سەرجەمی لەلایەن لێهاتووییە سەربازییەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت، و وەزارەتی بەرگری لە پرۆسەی پاراستنی دەستکەوتەکان و پەرەپێداندا پشتی بە خۆی بەستووە؛ چونکە پێویستە عێراق پشت بە خۆی ببەستێت".
ئاماژەی بەوەش کرد، "لە دوای شەڕەکانی ڕزگارکردنەوە تاوەکو ئێستا، دوو لیوای هاوبەش بۆ توندکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان دامەزراون، و لە بواری دژایەتیکردنی قاچاخچێتی، ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراودا کارێکی زۆرمان کردووە، و ئێستاش ڕۆڵی حکومەت زۆر گرنگە لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، کە ئەمەش وەک تەواوکەری دەستکەوتەکانی دەزگا ئەمنییەکان دادەنرێت".