بەغدا – INA
ئەمڕۆ دووشەممە، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران مەزهەر محەمەد ساڵح، جەختی کردەوە کە بوودجەی 2027 بەردەوامیی دارایی بەهێز دەکات و پاڵپشتیی چاکسازیی ئابووری دەکات، هاوكات ئاماژەی بەوەش کرد کە خەرجییەکانی حکومەت بەپێی یاسای کارگێڕیی دارایی بەردەوامن سەرەڕای دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجە.
ساڵح بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "سیاسەتی دارایی عێراق هێشتا بەپێی حوکمەکانی یاسای کارگێڕیی دارایی فیدراڵی ژمارە (6)ی ساڵی 2019ی هەموارکراو بەڕێوە دەچێت، بەتایبەتی ماددەی (13) لێی، کە میکانیزمەکانی خەرجی گشتی ڕێکدەخات لە کاتی دواکەوتنی پەسەندکردنی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیدا"، تیشکی خستە سەر ئەوەی کە "ماددەی ئاماژەپێکراو بەردەوامبوونی کارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی مسۆگەر کردووە لە ڕێگەی پێدانی دەسەڵات بە وەزیری دارایی بۆ سەرپشککردنی وەزارەتەکان و ئەو لایەنانەی بە وەزارەتەوە بەستراو نین بە خەرجکردنی ڕێژەی (1/12)ی مانگانە لە کۆی خەرجییە گشتییە ڕاستەقینەکانی ساڵی دارایی پێشوو دوای لادانی خەرجییە ناوبەناوەکان، ئەمەش تا کاتی پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی فیدراڵی".
ئاماژەی بەوەشکرد کە : "ئەم میکانیزمە بەشدار بووە لە مسۆگەرکردنی دابینکردنی دارایی بۆ پابەندبوونە سەرەکییەکانی دەوڵەت، کە لە پێشەنگیاندا مووچە و کرێ و دەرماڵەی خانەنشینی و هاوکارییەکانی چاودێریی کۆمەڵایەتین، سەرەڕای ئەو خەرجییە کارگێڕییانەی کە پێویستن بۆ بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان"، ڕوونیشی کردەوە کە "هەمان ماددە ڕێگەی داوە بە بەردەوامبوونی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژە وەبەرهێنانە بەردەوامەکان بەپێی ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاستەقینە یان ئامادەکاریی تەواوکراو، بە مەرجێک نەختینەیی دارایی و تەرخانکردنی پێشبینیکراو لە ناو پڕۆژەی بوودجەی داهاتوودا بەردەست بێت".
ساڵح ڕوونی کردەوە کە "دارایی گشتیی عێراق لە ماوەی ساڵی 2026دا ڕووبەڕووی تەحەددیی نائاسایی بووەوە لە ئەنجامی پێشهاتە جیۆپۆلەتیکی و هەرێمییەکان و ئەو ناجێگیرییانەی کە هاوشانی بوون لە بازاڕەکانی وزەی جیهانی و زنجیرەکانی دابینکردن و بازرگانی نێودەوڵەتیدا، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر داهاتەکانی نەوت کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی گشتی پێکدەهێنن"، جەختیشی کردەوە کە "ئەم گۆڕانکارییانە فشارێکی زۆریان خستە سەر پێگەی دارایی حکومەت و توانای بۆ دابینکردنی دارایی خەرجییەکانی کارگێڕی و وەبەرهێنان، ئەمەش وای لە حکومەت و وەزارەتی دارایی کرد کە بەرەو ئامادەکردنی پڕۆژەی یاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵی بۆ ساڵی 2027 هەنگاو بنێن بەپێی دیدگایەکی چاکسازی کە ئامانجی پاراستنی بەردەوامیی دارایی و سەقامگیریی ئابووریی گشتییە".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "بوودجەی چاوەڕوانکراو سەرنج دەخاتە سەر بەهێزکردنی کارامەیی بەڕێوەبردنی سەرچاوە گشتییەکان و ڕێکخستنی خەرجییە کارگێڕییەکان، و پاراستنی خەرجییە کۆمەڵایەتییەکانی پەیوەست بەو چین و توێژانەی کە زۆرترین ناسکییان هەیە، سەرەڕای پێدانی لەپێشینەیی بە پڕۆژە وەبەرهێنانەکان کە خاوەن بایەخی ئابووری و گەشەپێدانی بەرزن"، ئەوەشی خستە ڕوو کە "لە نێوان کارە لەپێشینەییەکانی بوودجەدا، هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی گشتی و کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕێژەیی بە داهاتی نەوت، و پاڵپشتیکردنی بەرنامەکانی چاکسازیی دارایی و کارگێڕی و بەدیجیتاڵکردنی حکومی هەیە، لەگەڵ بەهێزکردنی توانای ئابووری نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی شۆکە دەرەکییەکان و بەدیهێنانی سەقامگیریی دارایی لەسەر مەودای مامناوەند و درێژخایەن".
ساڵح جەختی کردەوە کە "ئەم ئاڕاستانە هاوتەریبن لەگەڵ ئامانجەکانی ستراتیژیی دارایی دەوڵەت و بەرنامەکانی پەرەپێدانی کارگێڕیی دارایی گشتی، سەرەڕای بنەماکانی دیدگای عێراق 2035 کە ئامانجی بونیادنانی ئابوورییەکی هەمەجۆر و بەردەوامە کە توانای بەدیهێنانی گەشەپێدانی هەمەلایەنە و بەهێزکردنی توندوتۆڵی دارایی گشتی هەبێت لە بەرامبەر گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا".