دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت ئەگەر واشنتن و تاران بگەنە ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێی نێوان هەردوو وڵات، ئەمەریکا لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا کاردەکات بۆ لەناوبردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران.
ترامپ هەروەها هۆشداری دا لەوەی ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، ئەمەریکا بژاردەی سەربازیی زیاتر بۆ هەڵوەشاندنەوەی تواناکانی کۆماری ئیسلامی کە ماونەتەوە، لەبەرچاو دەگرێت.
سەرۆک ترامپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی ئێن بی سی لە ڕۆژی یەکشەممە 7ی مانگی شەش وتی "ئەگەر ڕێککەوتنێک بکەین و پەیوەندی دۆستانەمان هەبێت، هەموومان پێکەوە ئەنجامی دەدەین. ئامێرەکان دابین دەکەین و یۆرانیۆمەکە کۆدەکەینەوە و لەناوی دەبەین، جا لە هەمان شوێن بێت یان شوێنێکی تر."
گوتیشی "ئێمە لەگەڵ ئەوان یان بەبێ ئەوان ئەو کارە دەکەین، بەڵام کەس ناتوانێت تەقەمان لێبکات، ئەگەر ڕێککەوتن نەبوو، زۆر بە توندی مامەڵەی سەربازییان لەگەڵ دەکەین، دواتر خۆمان ئەو مادەیە کۆدەکەینەوە و لەناوی دەبەین."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی "ئەمەریکا لە ڕێگەی سیستەمی پێشکەوتووی واڵایی ئاسمان و مانگی دەستکرد لە نزیکەوە چاودێری چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی دەکات."
ئاماژەی بەوەشکردووە "چاودێریمان لەسەر هەموو ئەم دامەزراوانە هەیە. ئەگەر کەسێک هەنگاو بنێتە ناوەوە، دەتوانین ناوەکەی لەسەر جلەکانی بخوێنینەوە. ئەم کامێرایانە لە واڵایی ئاسماندان و تەکنەلۆژیای سەرسوڕهێنەریان هەیە."
سەرۆک ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا "زۆر نزیکن" لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام هێشتا چەند پرسێک لە ئارادان.
وتیشی کۆماری ئیسلامی ڕەزامەندی دەربڕیوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت، بەڵام حکومەتی ئەمەریکا دەیەوێت بڕگەیەک بخاتە نێو ڕێککەوتنەکەوە کە هەروەها ڕێژیمی ئێران لە "کڕین، بەدەستهێنان، یان بەدەستهێنانی" چەکی ئەتۆمی قەدەغە بکات.
ڕوونیشیکردەوە "ئەوان ڕێککەوتوون کە چەکی ئەتۆمییان نەبێت، بەڵام دەمەوێت لە ڕێککەوتنەکەدا ئەوە ڕوون بکەمەوە کە مافی کڕین و بەدەستهێنان و بەدەستهێنانی ئەو جۆرە چەکانەیان نییە."
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها وتی موجتەبا خامنەیی لە پڕۆسەی بڕیاردان بۆ ڕێککەوتننامەکە دەور دەگێڕێت و خامنەیی بە گەنجتر و زیرەکتر و لۆژیکیتر لە باوکی ناو برد وتی ئامادەیە ڕاستەوخۆ لەگەڵی قسە بکات.
سەرۆک ترامپ هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا هیچ پلانێکی نییە بۆ کەمکردنەوەی بوونی سەربازی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا. ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی 50 هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە ناوچەکەدا دەمێننەوە تا پرۆسەی دانوستان و ڕێکخستنە ئەمنییەکان دەگاتە "قۆناغی تەواو".
سەرۆکی ئەمەریکا هەروەها دووپاتی کردەوە کە توانای سەربازی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی شەڕی ئەم دواییەدا زۆر لاواز بووە. وتیشی "هێزە سەربازییەکانیان بەتەواوی لەناوچووە. هێشتا هەندێک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان لەبەردەستدایە، بەڵام پێموایە تەنها نزیکەی لەسەدا 21 یان 22ی مووشەکەکانیان بۆ ماوەتەوە."
ترامپ وەک بەرگریکردن لە سیاسەتی خۆی بەرامبەر بە ئێران وتی ئامانجی سەرەکی بەڕێوبەرایەتییەکەی ڕێگریکردنە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.
وتیشی "گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێران نابێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، ئێمە ناتوانین و ناهێڵین ئەوە ڕووبدات."