🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزیری ناوخۆی پاکستان "نامەیەکی تایبەت"ی عاسیم مونیر و شەهباز شەریف دەبات بۆ موجتەبا خامنەیی

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/07 16:23

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە وەزیری ناوخۆی پاکستان "نامەیەکی تایبەت"ی ژەنەڕاڵ عاسیم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانی بردووە بۆ موجتەبا خامنەیی کە دوای کوژرانی باوکی وەک ڕێبەری ئێران دەستنیشان کراوە.

هەر لە سەرەتای نێوەندگیریی پاکستان لە نێوان ئێران و ئەمەریکاوە، عاسیم مونیر شانبەشانی بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ئەو وڵاتە ڕۆڵێکی تایبەتی لە پرۆسەکەدا هەبووە و خۆی چەندین جار گەشتی بۆ تاران کردووە.

میدیاکانی ئێران ڕۆژی شەممە ڕایانگەیاند موحسین نەقوی وەزیری ناوخۆی پاکستان جارێکی تر گەیشتووەتە تاران.

ئەمە دووەمین سەفەری بەرپرسێکی باڵای حکوومەتی ئیسلامی ئابادە بۆ تاران بۆ دیدار لەگەڵ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و پاکستانیش بەردەوامە لە ڕۆڵی وەک ناوبژیوانی سەرەکی لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکادا.

سەرچاوە دیپلۆماسییەکان باس لەوە دەکەن کە گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاسان نییە و هەردوولا لە خاڵە جیاجیاکاندا ناکۆکی زۆریان هەیە.

هاوکات موحسین ڕەزایی، ڕاوێژکاری ڕێبەری مەزنی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاشتی بەستراوە بە ئازادکردنی 24 ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانی بەستووی ئێران.

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بابەتە ڕایگەیاندووە سکات بێسێنت وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا تیمێکی بۆ هەڵسەنگاندنی زیانەکانی هاوپەیمانە عەرەبەکانی واشنتن لە کەنداو ڕاسپاردووە کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران زیانیان پێگەیشتووە. بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەگەری تەرخانکردنی بەشێک لە سەروەت و سامانی ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو وڵاتانەش لە بەرچاو دەگیرێت.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی سێ مانگەی ئێران و ئەمەریکا بەردەوام لە بەردەم بەربەستی جیددیدایە و ئاسۆی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام نادیارە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)