کەرکووک – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،دەستەی دەستپاکی فیدراڵی،ڕایگەیاند کە تیمی لێکۆڵینەوەی نووسینگەی کەرکووک توانیویانە دوو بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکووک دەستگیر بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی دەستەکە کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا هاتووە : ئەم دەستگیرکردنە دوای ئەوە هات کە سەرپێچی و گومانی گەندەڵی لە پڕۆژەیەکی قیرتاوکردن و کۆنکریتکردنی شەقامی 11 گوندی پارێزگاکەدا ئاشکرا بوو، کە گوژمەکەی زیاتر لە 4 ملیار دینارە.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : پڕۆژەکە پێچەوانەی مەرجە هونەرییەکان جێبەجێ کراوە، بەتایبەت لە کەمکردنەوەی ئەستووری کۆنکریت و بەکارنەهێنانی ئاسنی پێویست، کە پڕۆژەکە لەسەر بودجەی سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان دابین کراوە و دراوەتە کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت.
وەک راگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : دادوەری دادگای تایبەتمەند بڕیاری بەندکردنی بۆ تۆمەتباران دەرکردووە و لێژنەیەکی پسپۆڕیش بۆ هەڵسەنگاندنی وردی کارەکانی پڕۆژەکە و بەراوردکردنی لەگەڵ مەرجەکانی گرێبەستەکە پێکهێنراوە.