بەغدا - INA
ئەمڕۆ شەممە وەزارەتی نەوت دووپاتی كردەوە، سەرجەم ئەو بەرهەمە نەوتییانەی كە بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێن، بەتەواوی پاڵپشتی دەكرێن و تایبەتمەندییە تەكنیكییە بەرزەكانیان تێدایە، ڕوونیشی كردەوە كە ئەو پرۆسانەی تێكەڵكردن كە لەناو پاڵاوگەكاندا ئەنجام دەدرێن ڕێكارێكی تەكنیكییە بە ئامانجی باشتركردنی كوالێتی بەرهەمە نەوتییەكان و زیادكردنی قەبارەی بەرهەمهێنان بۆ دابینكردنی خواستی ناوخۆ.
وتەبێژی فەرمی وەزارەتی نەوت، سەلیم ركابی لە بەیاننامەیەكدا كە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە و ڕایگەیاندووە : وەزارەتەكە ڕۆڵی ڕاگەیاندنەكان بەرز دەنرخێنێت لە تیشك خستنە سەر چالاكییەكانی و خوازیاری ڕوونكردنەوەی ئەوەی لە یەكێك لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن بڵاوبووەتەوە سەبارەت بە تۆمەتەكانی تێكەڵكردنی بەنزینی ئاسایی لەگەڵ بەنزینی بەرز و فرۆشتنی بە نرخێكی زیاتر بە هاووڵاتیان".
ئاماژەی بەوەشكرد : سەرجەم ئەو بەرهەمە نەوتییانەی كە پێشكەشی هاوڵاتیان دەكرێن پاڵپشتییەكی تەواویان بۆ دەكرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی حكومەت بۆ بەرزكردنەوەی ئاسایشی وزە و دڵنیابوون لە بەردەستبوونی سووتەمەنی بۆ هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگا، ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی سووتەمەنی لە عێراقدا بە بەراورد بە زۆرێك لە وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە ئاستێكی نزمتردا ماوەتەوە.
ڕوونیشیكردەوە : وەزارەت چوار جۆر سووتەمەنی بۆ ئۆتۆمبێل دابین دەكات، بەنزینی ئاسایی بە ڕێژەی ئۆكتانی نزیكەی 85، بەنزینی پریمیۆم بە ڕێژەی ئۆكتانی نزیكەی 91، بەنزینی سوپەر بە ڕێژەی ئۆكتانی 95، جگە لە غازی شل (LPG) بۆ ئۆتۆمبێل.
ئاماژەی بەوەشكرد : كارەكانی تێكەڵكردن لەناو پاڵاوگەكاندا پرۆسەی پاڵاوتن پەیڕەو دەكەن و ڕێكارێكی تەكنیكییە بۆ چارەسەركردنی (نافتا) و باشتركردنی تایبەتمەندییەكانی و گۆڕینی بۆ بەنزین كە لەگەڵ ستانداردە عێراقییەكاندا بگونجێت، جەختیشی لەوە كردەوە كە ئامانجی ئەم ڕێكارانە زۆرترین بەرهەمهێنانی بەنزین و دابینكردنی خواستی ناوخۆیە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە وەزارەتی نەوت داوای لە دەزگاكانی ڕاگەیاندن و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە، زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەكانەوە وەربگرن بۆ ئەوەی زانیاری نادروست نەگوازنەوە كە ڕەنگە ڕای گشتی بەلاڕێدا ببات.