🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

بەحرەین: لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان ڕێوشوێنی گونجاو لە بەرامبەر هێرشەکانی ئێران دەگرینە بەر

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/06 15:44

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین لە ڕاگەیەنراوێکی تونددا، هێرشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ سەر بەحرەین و کوەیت شەرمەزار کرد و وتی ئاسایش "بە مووشەک و فرۆکەی بێ فڕۆکەوان بەدی نایەت" و سەقامگیریش "بە چاندنی مین" پارێزراو نابێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئاژانسی فەرمی هەواڵی بەحرەین "بەنا" ڕۆژی شەممە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین دەەڵێت" وڵاتەکەیان و کوەیت ڕۆژی شەممە کراونەتە ئامانجی حەوت مووشەکی بالیستیکی کۆماری ئیسلامی، و ئەو مووشەکانە "بە سەرکەوتوویی" ڕێگریان لێکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین ئەم هێرشانەی بە "دەستدرێژییەکی ئاشکرا" و "پێشێلکردنی ڕوونی سەروەری دوو وڵات"، "پێشێلکردنی پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەریتە نێودەوڵەتییەکان" و بەردەوامی پێشێلکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان ناوبرد.

ئەو وەزارەتە بە تایبەتی ئاماژەی بە بڕیارنامەی 2817ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و وتی ئەو بڕیارنامەیە هێرشەکانی ئێران و هەر هەوڵێک بۆ داخستنی تەنگەی هورمز ، یان تێکدانی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی شەرمەزار کردووە.

مەنامە لەو ڕاگەیەنراوەدا داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ ئەم هێرشانە بوەستێنێت، ڕێگای ئاشتی بگرێتەبەر و تەنگەی هورمز بە تەواوی، بێ سنووردارکردن و بێ وەرگرتنی سەرانە، بۆ هاتوچۆی دەریایی بکاتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین هەروەها داوای لە ئێران کرد شوێنی مینە دەریاییەکان ئاشکرا بکات و بۆ پاککردنەوەیان هاوکاری بکات، ڕێڕەوێکی مرۆیی پارێزراو بۆ تێپەڕینی کەشتییە مەدەنییەکان بکاتەوە و ڕێگا بدات زیاتر لە 20 هەزار کەس کە بەهۆی داخستنی تەنگەکەوە گیریانخواردووە، بە سەلامەتی بگەڕێنەوە بۆ لای خێزانەکانیان.

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا، بەحرەین جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا پابەندە بە هەڵبژاردەی ئاشتی و جێگیری لە ناوچەکەدا، بەڵام "ئارامییەکەی بە مانای لێبووردەیی نییە" و بەرگری لە سەروەری، ئاسایش، جێگیری و پاراستنی خەڵکەکەی "هێڵی سوورە."

وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین هەروەها ڕایگەیاند وڵاتەکەی بە متمانە بە پشتگیری برا و هاوپەیمانەکانی، هەموو هەنگاوە یاسایی و ڕەواکان بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆی دەگرێتەبەر.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)