🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی مەیدانی تیان ئانمێن بەرز ڕادەگرێت

دەنگی ئەمەریکا 2026/06/05 20:05

لە یادی 37 ساڵیەی ڕووداوەکانی تیان‌ ئانمێن، وڵاتانی جیهان ئەو خۆپیشاندەرانە یاد دەکەنەوە کە لە ساڵی 1989 لەلایەن حکومەتی چینەوە کۆمەڵکوژ کران.

لە ڕاگەیێنراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، "جیهان 37 ساڵەی ئەو ڕۆژە بیر دێنێتەوە کە تێیدا حزبی کۆمۆنیستی چین فەرمانی بە هێزەکانی کرد هێرش بکەنە سەر هەزاران خۆپیشاندەری ئاشتیخواز لە ناوەوە و دەوروبەری گۆڕەپانی تیان ئانمێن."

وەزارەتەکە دەڵێت خوێندکاران، کرێکاران و هاووڵاتیانی دیکەی چین بۆ داواکردنی چاکسازی دیموکراسی، بەرپرسیارێتی و مافی ئازادی کۆبوونەوە و دەربڕینی بیروڕا خۆپیشاندانیان کردبوو.

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند سانسۆر و کۆنترۆڵی زانیاری لەلایەن حکومەتی چینەوە ناتوانێت بیرەوەری ئەو ڕووداوانە بسڕێتەوە. وتیشی، "هیچ جۆرە سانسۆرێک ناتوانێت ڕابردوو بسڕێتەوە. ئەوانەی خۆیان کردە قوربانی بۆ پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان لە ئازادی دەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتییانە، ڕۆژێک سەرکەوتوو دەبن."

حکومەتی چین تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ژمارەی کوژراوانی ڕووداوەکانی تیان‌ ئانمێنیان ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چاوەدێران دەڵێن لەوانەیە سەدان، یان تەنانەت هەزاران کەس لەو هێرشەدا کوژرابن.

لە چین یادکردنەوە و باس کردنی ئەو ڕووداوە بە شێوەیەکی توند سانسۆر دەکرێت و زۆربەی بابەتە پەیوەندیدارەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا دەسڕێنەوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (دەنگی ئەمەریکا)