بەغدا - INA
ئەمڕۆ هەینی، عەلی سەعدی ووهەیب، وەزیری کارەبا،فەرمانی بە ، خالید غەزای عەتییە، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری گواستنەوە و دابەشکردن کرد ، سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی هەڵمەتێکی فراوان بکات بۆ لابردنی سەرپێچییەکانی سەر تۆڕی کارەبا لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیەندراوێکدا ، کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ناردوویەتی،تیایدا ئاماژەی بەوەکردوە : ئەم هەڵمەتە لەسەر بنەمای ڕێنماییەکانی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە و ئامانج لێی پاراستنی تۆڕی نیشتمانی،و کەمکردنەوەی کورتهێنان، و بەرزکردنەوەی توانای دابەشکردنە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا : لە تۆڕی دابەشکردندا زیاتر لە 55%ی کارەبا بەفیڕۆ دەچێت، ئەمەش بەهۆی سەرپێچی و هۆکاری ناتەکنیکییەوەیە، کە بەرهەمهێنانی ئێستای کارەبا نزیکەی 20 هەزار مێگاواتە،و لەکاتێکدا پێویستیی ڕاستەقینەی وڵات نزیکەی 62 هەزار مێگاواتە.
وەزارەتی کارەبا روونیشیدەکاتەوە : کە لە دوای ڕووداوە هەرێمییەکانی ئەم دواییەوە، تۆڕی نیشتمانی نزیکەی 7000 مێگاوات کارەبای لەدەست داوە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر کاتەکانی پێدانی کارەبا هەبووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتوە : وەزارەتی کارەبا داوای لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری تیمە ئەندازیاری و هونەرییەکان بن، پەلە بکەن لە بەستنی پێوەری کارەبا و یەکلاییکردنەوەی قەرزەکانیان، بەمەبەستی بەشداریکردن لە جێگیرکردنی تۆڕی کارەبا و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی کارەبا بۆ هاووڵاتییان.