ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا ڕایدەگەیەنێت لە ماوەی مانگی پێنجی ساڵی 2026دا لانیکەم 80 زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون کە 17 زیندانیان کورد بوون. بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، زیندانیانی کورد لە ڕووی ژمارەی لەسێدارەدانەوە لەم ماوەیەدا، لە دوای زیندانیانی فارس، زۆرترین ڕێژەیان لەخۆ گرتووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، چوار لەو لەسێدارەدراوانەی کورد، زیندانی سیاسی بوون ، لەوانە ناسر بەکرزادە، تەمەن 26 ساڵ، خەڵکی ورمێ کە بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درا. ڕۆژێک دوای ئەویش مێحراب عەبدوڵڵا زادە، بەندکراوی کوردی خەڵکی ورمێ کە لە ناڕەزایەتییەکانی ژن ژیان ئازادی لەڤهەمان زیندان لە سێدارە درا.
هەروەها ڕامین زلە و کەریم مەعرفپوور دوو زیندانیی سیاسی کوردی خەڵکی نەغدە کە لە زیندانی ناوەندیی نەغدە لە سێدارە دراون. بە پێی ڕاپۆرتەکەی هەنگاو، ئەو دوو زیندانییە بە تۆمەتی ئەندامێتی لە حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە کۆی ئەو 80 لەسێدارەدراوەی کە کە لە مانگی پێنجدا تۆمارکراون، تەنیا 15 لەسێدارەدان لەلایەن میدیای دەوڵەتی یان دامەزراوەکانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە بە فەرمی ڕاگەیەندراون. لانیکەم 19 زیندانی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بە بنەماڵەکانیان و بەبێ ئەگەری سەردانی کۆتایی لەسێدارە دراون.
ڕاپۆرتەکەی هەنگاو دەریدەخات کە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە ژمارەیەکی بەرچاو دانیشتووی کوردی هەیە، لەڕووی ژمارەی لەسێدارەدانەوە دوای پارێزگای ئەسفەهان لە مانگی پێنجەمدا، دووەم پارێزگا بووە کە 11 لەسێدارەدان تێیدا ڕوویداوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە، تۆمەتەکانی پەیوەست بە دۆسیە سیاسی و ئەمنییەکان، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لەنێو زیندانیانی سیاسی لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا بووە.