سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران "زۆر بە باشی" بەڕێوە دەچن و ئەگەری ڕێککەوتن لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا هەیە.
سەرۆک دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، "دەبیستم کە دانوستاندنەکان لەگەڵ ئێران زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن. ئەگەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکرێت، دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بێت."
بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا دڵنیایی نەدا بە گەیشتن بەو ڕێککەوتنە، چونکە "دەکرێت هەر شتێک ڕووبدات کاتێک لەگەڵ ئێران مامەڵە دەکەیت."
سەرۆک ترامپ جەختی کردەوە لەسەر دەرهێنان و گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە.
لە ئەگەری نەگەیشتن بە ڕێککەوتن، ڕایگەیاند "دەتوانین دوو بۆ سێ هەفتەی تر بڕۆین و هەموویان لەناو بەرین. بەڵام ئەگەر بتوانین شتێک بە نووسین بەدەست بهێنین کە هەمان ئامانجمان بۆ دەستەبەر بکات بەبێ کوشتنی هەموویان، من ئارەزوومەنی ئەوەم."
سەبارەت بە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کوەیت، سەرۆکی ئەمەریکا ڕەتی کردەوە ئاگربەستی شەڕ کۆتایی هاتبێت و ڕایگەیاند، "لەو بەشەی جیهان، ئاگربەست ئەو کاتەیە کە هێرشەکان بە ڕێژەیەکی کەم بەردەوام دەبن."
گوتیشی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوەیت لە وەڵامی چەند هێرشێکی ئەمەریکاوە بووە، بەو پێیەی "بە هۆکارێکی تر" ئەمەریکا لە چەند شەوی ڕابردوودا "زۆر بە توندی" چەند ئامانجێکی ڕژێمی کردە ئامانج. لە بەرامبەردا، "ئێران شتێکی زۆر گرنگی ئەنجام نەدا."
سەبارەت بە بەردەوامی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەو پێی وایە پرسی ئێران و لوبنان دوو بابەتی جیاوازن و کێشەی ئێران "جیهانییە."
سەرۆک ترامپ ئاماژەی دا بە ئەنجامدانی پەیوەندی ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەرانی حزبوڵا و ڕایگەیاند، " لە ڕاستیدا بۆ یەکەم جار گفتوگۆمان لەگەڵ حزبوڵا کرد. نەماندەزانی ئەوان گفتوگۆ دەکەن."
ترامپ ڕایگەیاند بەرپرسانی حزبوڵا و ئیسرائیل داوای ئەمەریکایان قبوڵ کردووە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانەکان.