بەغداد – INA
پارێزگاری بەسرە، ئەسعەد عیدانی، ئەمڕۆ چوارشەممە جەختیکردەوە: بەندەری فاو کۆڵەکەیەکە بۆ وەرچەرخانی ئابووری و کردنی بەسرە بە پایتەختی ئابووریی عێراق.
عیدانی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو گرنگییەکی زۆری هەیە لە پاڵپشتیکردنی وەرچەرخانی ئابووری و بەهێزکردنی پێگەی بەسرە وەک پایتەختی ئابووریی عێراق"، ڕوونیشیکردەوە: "ئەو پێنج لەنگەرگا و پڕۆژەیەی لە چوارچێوەی پلانەکانی پەرەپێدانی بەندەرەکاندا جێبەجێ کراون، پێشکەوتنێکی گەورەیان بەخۆوە بینیوە".
وتیشی: "قۆناغی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ دیدگای حکومەت لە بەدیهێنانی گەشەپێدانی ئابووریدا"، ئومێدیشی خواست کە "پڕۆژە ستراتیژییەکانی ئێستا بەشداربن لە چارەسەرکردنی تەحەددییە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی نوێی گەشەپێدان بۆ وڵات".
عیدانی دڵێت: "سەردانەکەی وەزیری گواستنەوە، وەهب حەسەنی، بۆ پارێزگای بەسرە، بەسەرکردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی لە بەندەری ئوم قەسڕ، گۆڕەپانەکانی بەڕێکردنی بارهەڵگرەکان و پڕۆژەکانی فراوانکردنی پەیوەندیدار بەوانەوە لەخۆگرتبوو"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەردەوامبوون لە پڕۆژەکان وەک هەنگاوی یەکەم وایە لە ڕێگەی بەستنەوەی ئوم قەسڕ بە بەندەری فاوەوە".
جەختیشیکردەوە: "وەزیری گواستنەوە – لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ بەندەری فاو – ئاگاداری پلانەکانی داهاتوو و میکانیزمەکانی کارپێکردنی بەندەرەکە، و ئەو ئامادەکارییانە بوو کە لە ئارادان بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە و کارپێکردنی بەپێی ئەو دیدگایەی بۆی کێشراوە".
پارێزگاری بەسرە تەئكیدیشیكردەوە: "تەواوکاری نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی خۆجێی، فاکتەرێکی بنەڕەتییە لە سەرکەوتنی پڕۆژە ستراتیژییەکان، و چارەسەرکردنی زۆرێک لەو تەحەددییە ئابوورییانەی کە ڕووبەڕووی پارێزگاکە و وڵات دەبنەوە".
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند: کە "سەرکەوتنی پڕۆژەی بەندەری فاو و پڕۆژە پەیوەندیدارەکانی بەشدار دەبێت لە چەسپاندنی پێگەی بەسرە وەک ناوەندێکی ئابووری سەرەکی"، دووپاتیشیکردەوە: کە "سەرکەوتنی بەسرە لە گێڕانی ئەم ڕۆڵەدا، بە شێوەیەکی ئەرێنی ڕەنگدانەوەی لەسەر ئابووری عێراق بە گشتی دەبێت و پاڵپشتی پلانەکانی گەشەپێدانی بەردەوام دەکات".