دەزگای دادوەری ئێران ڕایدەگەیەنێت فەتحوڵا ئاوری، خۆپیشاندەرێکی دوایین ناڕەزایەتییەکانی ئێرانی لەسێدارە داوە. میزان کە دەزگایەکی سەر بە سیستەمی دادوەری ئێرانە نووسیویەتی ناوبراو لە خۆپیشاندانەکانی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو، پۆلیسێکی لە کاتی ئەو ناڕەزایەتیانەدا کوشتووە.
ئەمە 40هەمین لەسێدارەدانە کە لە دوای شەڕەوە ڕاگەیەندراوە و بیستەمین لەسێدارەدانی پەیوەندیدارە بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی دوازدەی ساڵی 2025.
محەممەد جەواد بەخشیان ئەندامی هێزی پۆلیس لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی دوازدەی ساڵی 2025 لە هەمەدان کوژرا.
میزان بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکان، "لە کاتێکدا ئەفسەرانی پۆلیسی بێ چەک لە هەمەدان بۆ پاراستنی خەڵک جێگیر بوون، ژمارەیەک چەقۆکێش هێرشیان کردووەتە سەر."
دەزگای دادوەری ئاماژەی بەوەشکردووە محەممەد جەواد بەخشیان لە هاوکارەکانی دوور کەوتووەتەوە و دوای ئەوە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە هێرشی کراوەتە سەر و دواجاریش فەتحوڵا ئاوری چەقۆی لێداوە.
سەدان زیندانی سیاسی و هاووڵاتی کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا دەستبەسەر کراون، لە ئێستادا لە زیندانەکانی ئێران ڕووبەڕووی تۆمەتی سیاسی و ئەمنی بوونەتەوە. چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە کە زۆرێک لەوانە مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.
دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە چەند مانگی ڕابردوودا، نزیکەی ڕۆژانە سزای لەسێدارەدانی لە دژی ناڕازییان یان کەسانی تۆمەتبار بە هاوکاری لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل جێبەجێ کردووە. چالاکوانان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کۆماری ئیسلامی لە سێدارەدان بۆ دروستکردنی ترس بەکار دەهێنێت بۆ پێشگرتن لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی دووبارە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و گرووپەکانی دیکەی داکۆکیکاری مافی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە کە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی دژ بە حکومەت لە مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو و هەروەها دوای هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.