میسان - INA - نەجم عەبدوڵڵا
بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی میسان، ئەمڕۆ سێشەممە، زیادبوونی ژمارەی ئاسکەکانی ڕیمی لە پارێزگاری عەلی غەربی بۆ 530 سەر ڕاگەیاند، لە هەمان کاتدا بەردەوامی چاودێری ژینگەیی لە پارێزگاکەدا سەرەڕای ئەو تەحەددیاتە داراییانەی کە هەڕەشە لە بەردەوامییەکەی دەکەن، پشتڕاستکردەوە.
مەخلەد لامی، سەرۆکی هۆبەی پارێزگاری ئاسکەکانی ڕیم لە قەزای عەلی غەربی، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "پرۆژەی پارێزگاری ئاسکەکانی ڕیم یەکێکە لە دیارترین پرۆژە ژینگەییە پێشەنگەکان لە عێراقدا، بەو پێیەی کارەکانی دامەزراندنی لە ساڵی 2008 دەستیپێکردووە و لە کۆتایی ساڵی 2012 بە فەرمی خرایە گەڕ، ئەمەش دوای هێنانی 25 ئاسک کە پێکهاتبوون لە 20 مێینە و 5 نێرینە لە ئاسکەکانی ڕیم".
وتیشی: "پارێزگاکە گەشەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی پشتگیری حکومەتی خۆجێیی و هەوڵە بەردەوامەکانی کادیرانی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵی میسان، بە شێوەیەک کە ژمارەی ئاسکەکان بۆ نزیکەی 530 سەر لە نێر و مێ بەرزبووەتەوە، ئەمەش دەیکاتە یەکێک لە سەرکەوتووترین پرۆژەکانی زۆربوونی ئاژەڵە کێوییەکان لە وڵاتدا".
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "ئامانجی پرۆژەکە پاراستنی ئاسکی ڕیمە وەک بەشێک لە کەلەپووری ژینگەیی ناوچەکە، دوای ئەوەی لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا بەهۆی شەڕ و ڕاوکردنی نایاساییەوە ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوون ببووەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "ئیدارەی پارێزگاکە کاری کردووە بۆ پاراستنی هاوسەنگی لەناو ڕەوەکەدا لە ڕێگەی فرۆشتنی ژمارەیەک لە نێرینەکان و هەندێک لە مێینەکان بەپێی ڕێنماییە پەسەندکراوەکان"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە "پارێزگاکە لە ئێستادا ڕووبەڕووی تەحەددیاتی گەورە دەبێتەوە بەهۆی ڕاگرتنی شایستە داراییە کارگێڕییەکان لەلایەن حکومەتی ناوەندییەوە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024ەوە، ئەمەش کاریگەری کردووە سەر دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی کارکردن".
ڕوونیکردەوە: "پارێزگاکە لەسەر ڕووبەری 500 دۆنم درێژ دەبێتەوە و 9 بیری ئاوی تێدایە کە پێویستیان بە کارپێکردنی بەردەوامە، لە کاتێکدا ناوچەکە فەرمانگەی کارەبای تێدا نییە، ئەمەش پێویستی بە دابینکردنی سووتەمەنی دەکات بۆ کارپێکردنی پەمپ و ئامێرەکان، سەرەڕای پێویستی بەردەوام بە ئالیک و چاودێری ڤێتێرنەری".
لامی جەختیلەوەشکردەوە: "ئەو پشتگیرییەی کە حکومەتی خۆجێیی پێشکەشی دەکات و هەوڵە خودییەکانی کارمەندان، هاوکار بوون لە بەردەوامبوونی کاری پارێزگاکە، بەڵام دەستەبەرکردنی بەردەوامیی ئەم پرۆژە ژینگەییە پێویستی بە پشتگیری ڕاستەوخۆی حکومەتی ناوەندی و دابینکردنی تەرخانکراوە داراییە پێویستەکان هەیە، چونکە ئەمە نموونەیەکی نیشتمانی سەرکەوتووە بۆ پاراستنی هەمەجۆریی بایۆلۆجی و زۆربوونی ئەو جۆرانەی کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە لە عێراقدا".