ئەنبار - INA - ئەحمەد دلێمی
ئەمڕۆ دووشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئەنبار، پلانێکی بەپەلەی (طوارئ) بۆ پاراستنی کۆمەڵگەکانی ئاو لە قەزاکانی قائیم، ڕاوە و عانە ڕاگەیاند، ئەمەش هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات.
بەڕێوەبەری ئاوی ئەنبار مەحموود سالم، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "بە ڕێنوێنیی پارێزگاری ئەنبار عومەر مەشعان دەبووس، بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئەنبار لە ڕێگەی کادیرە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانییەوە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ڕێکارە مەیدانییەکانی لە چوارچێوەی پلانی فریاکەوتنی تایبەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووباری فوڕات لە قەزاکانی قائیم، ڕاوە و عانە؛ بە مەبەستی مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی دابینکردنی ئاوی شیاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان".
سالم ئەوەشی خستە ڕوو کە "کادیرە تەکنیکییەکان کارەکانی بەرزکردنەوەی پەمپەکانیان لە چەند کۆمەڵگەیەکی ئاودا تەواو کردووە و لە شوێنگەلێکی بەرزتر لە ئاستی ڕووبارەکە جێگیریان کردوون؛ بە ئامانجی پاراستنیان لە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی ئاو و مسۆگەرکردنی بەردەوامبوونی کارەکانیان بە لێهاتوویی و کاریگەری نەکردنە سەر خزمەتگوزارییەکانی دابینکردنی ئاو".
ڕوونیشی کردەوە کە "کارەکان کۆمەڵگەکانی ئاوی جڕێجب، قونەیترە، مەشعەل، سەعدە، نەزوە، و کۆمەڵگەی ئاوی ناوچەی پیشەسازی لە قەزای قائیمی گرتووەتەوە، سەرەڕای گرتنەبەری ڕێکاری هاوشێوە لە قەزاکانی ڕاوە و عانە لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیردا بۆ پاراستنی دامەزراوە و کۆمەڵگەکانی ئاو لەسەر درێژایی ڕووباری فوڕات".
ئاماژەی بەوەش دا کە "بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوامە لە چاودێریکردنی ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بە شێوەیەکی نەپچڕاو، لەگەڵ هێشتنەوەی تیمە تەکنیکییەکانی لە دۆخی ئامادەباشیی باڵادا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر پێشهاتێک، بە جۆرێک کە سەقامگیریی سیستمی ئاو و بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکەدا مسۆگەر بکات".