بەغدا ـ INA
ئەمڕۆ دووشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕکردنی زیاتر لە 10 هەزار تێرابایت داتا و ئەنجامدانی 60 ملیۆن پەیوەندیی دەنگیی لە ماوەی ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ڕاگەیاند، ئەمەش لە ژێر سێبەری جێگیربوونی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە سەرانسەری وڵاتدا.
لە ڕاگەیەندراوێکی دەستەکەدا کە بە دەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە، هاتووە: "ئامارە مەیدانییەکان دەریانخستووە کە پارێزگاکانی کەربەلای پیرۆز، نەجەفی پیرۆز، هەولێر، سلێمانی و دهۆک لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەدا بوون کە زۆرترین بەکارهێنانی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندییان لە ماوەی جەژندا تۆمارکردووە، بە شێوازێک کە ژمارەی بەشداربووانی چالاک تێیاندا گەیشتووەتە زیاتر لە 17.4 ملیۆن بەشداربوو".
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە "داتاکان ئاشکرایان کردووە کە 60.4 ملیۆن پەیوەندیی دەنگی و 10.3 ملیۆن کورتەنامە (نامەی دەستی) لەم پارێزگایانەدا تۆمارکراون، لە کاتێکدا قەبارەی داتا ئاڵوگۆڕکراوەکان 10,372 تێرابایتی تێپەڕاندووە، ئەمەش نیشاندەرێکە کە گوزارشت لە قەبارەی پشتپەبەستنی پەرەسەندوو دەکات بە خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت لە وەرزە قەرەباڵغەکاندا".
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئامارەکان دەریانخستووە کە جووڵەی داتاکان بە ڕێژەی 27.3% بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە، لە پاڵ گەشەکردنی پەیوەندییە دەنگییەکان بە ڕێژەی 2%، ئەمەش فراوانبوونی بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان دەسەلمێنێت".
لەسەر ئاستی چاودێریکردنیش، ڕاگەیەندراوەکە بەردەوام بوو و ئاماژەی بەوە کرد کە "تیمەکانی دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان بەسەرکردنەوەی مەیدانییان لە 15 پارێزگادا جێبەجێ کردووە، کە تێیدا 919 پشکنینی تەکنیکی بۆ تۆڕەکانی پەیوەندی ئەنجام دراون، بە شێوازێک کە 463 پشکنین بۆ کۆمپانیای زەین و 456 پشکنین بۆ کۆمپانیای ئاسیاسێل بووە، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە کوالێتی خزمەتگوزارییەکان و مسۆگەرکردنی بەردەوامییان لە ڕۆژانی جەژندا".