بەدواداچوون – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،تۆڕی هەواڵی(CNN) بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ گۆڕانکاری لەو رێککەوتنە پێشنیارکراوەدا کردووە کە لەگەڵ ئێراندا هەیە.
تۆڕەکە لە زاری چەند بەرپرسێکەوە گواستییەوە کە "دۆناڵد ترەمپ دوای کۆبوونەوە لەگەڵ راوێژکارەکانی، گۆڕانکاری لە رێککەوتنە پێشنیارکراوەکەدا کردووە، ئەوەش بووە هۆی درێژکردنەوەی دانوستانەکان بۆ ماوەی هەفتەیەکی دیکە.
تۆڕەکە ئاماژەی بەوەشکرد : ئەو گۆڕانکارییە وردانەی کە ترەمپ داوای کردوون دەستبەجێ روون نەبوونەتەوە، بەڵام بەرپرسان جەختیان کردەوە کە سەرۆک سووربووە لەسەر بەکارهێنانی دەقێکی توندتر سەبارەت بە پابەندبوونە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەروەها وەرگرتنی گەرەنتی پەیوەست بە گەرووی هورمز.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕەکە : ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لەو هاوکارییە داراییانەی کە رەنگە لە چوارچێوەی رێککەوتنەکەدا پێشکەش بە ئێران بکرێن، لەترسی ئەوەی بەراورد بکرێن بەو بڕە پارە زۆرەی کە لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمیدا ئازاد کران.