بەغداد – INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،قاسم ئەعرەجی،ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، و فەیاز محەمەد دەلیمی سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنتڕۆڵی کوالێتی،جەختیان لەوە کردەوە کە تەواوکاری لەنێوان لایەنە چاودێرییەکاندا پایەیەکە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و پاڵپشتی ئابووری.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە : قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، پێشوازی لە ، فەیاز محەمەد دەلیمی،سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنتڕۆڵی کوالێتی کرد،و لە دیدارێکی گرنگدا باس لە بەهێزکردنی هاریکاریی دامەزراوەیی بۆ پاراستنی بەکاربەر و پاڵپشتیی سیستەمی ئاسایشی ئابووری لە عێراقدا کرا.
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە : سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانە و کۆنتڕۆڵی کوالێتی پیرۆزبایی جەژنی قوربانی ئاراستە کردو ، هیوای لەشساغی و سەرکەوتنی بۆ ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستافی ڕاوێژکاری و گەلی عێراق خواست.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە : هەردوولا تاوتوێی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هەردوو دامەزراوەکەیان کرد بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی چاودێریی کوالێتی، و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کاڵایانەی لەگەڵ ستانداردەکان ناگونجێن، و بەهێزکردنی ڕێکارەکانی پاراستنی بەکاربەر، بەجۆرێک کە سەلامەتیی هاووڵاتییان مسۆگەر بکات و متمانە بە بەرهەمەکانی ناو بازاڕە ناوخۆییەکانی عێراق بچەسپێنێت.
هەروەک هەردوولا جەختیان کردەوە کە ئاسایشی بەکاربەر بەشێکی سەرەکییە لە سیستەمی ئاسایشی نیشتمانی، و تەواوکاری لەنێوان لایەنە چاودێرییەکان و لایەنە ئەمنییەکاندا پایەیەکی گرنگە بۆ پاراستنی کۆمەڵگە و پاڵپشتیی سەقامگیریی ئابووری، ئەمە جگە لە مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی بەرزترین ستانداردەکانی کوالێتی و سەلامەتی لە کەرەتە جیاوازەکاندا.