ئەنبار – INA – ئەحمەد دلێمی
موسەنا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو، ئەمڕۆ هەینی، ئامادەیی وەزارەتەکەی ڕاگەیاند بۆ لەخۆگرتنی ئەو شەپۆلە ئاوەی کە لە لایەنی سووریاوە دێت، هاوکات ئاماژەی بەوەکرد: هیچ مەترسییەک لەسەر ئەو دانیشتووانە نییە کە لەسەر کەنارەکانی ڕووباری فورات دەژین، و ڕوونیکردەوە: بەردانەوەی ئێستای ئاوەکە لە سنووری ئاساییدایە و لە ژێر بەدواداچوونی مەیدانی بەردەوامدایە.
تەمیمی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ بەنداوی حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار، کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەی بوو، ڕایگەیاند: "وەزارەت سەردانێکی مەیدانی وردی بۆ بەنداوەکە ئەنجامداوە بۆ ئاگاداربوون لە سروشتی ئەو شەپۆلە لافاوە ئەگەرەی کە لە سنوورەکانی سووریاوە دێت، و بەدواداچوون بۆ ڕێکارە تەکنیکی و کارگێڕییەکانی تایبەت بە لەخۆگرتنی."
ئەوەشی خستەڕوو: "کادیرانی وەزارەت کە لە بەنداوی حەدیسە ئامادەن، لەگەڵ بریکاری تەکنیکی و بەڕێوەبەری بەنداوەکە و باقی ستافە ئەندازیاری و تەکنیکییەکان، سەرجەم ئەو وردەکارییانەیان خستەڕوو کە پەیوەندییان بە توانای بەنداوەکەوە هەیە بۆ لەخۆگرتنی هەر بڕە ئاوێک کە لە لایەنی سووریاوە بێت"، جەختیشیکردەوە کە "وەزارەت ئامادەکاری تەواوی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر دۆخێکی لەناکاودا."
تەمیمی ڕوونی کردەوە: "ئەو داتایە ژمارەییانەی لە لایەنی سووریاوە هاتوون ئاماژە بەوە دەکەن کە شەپۆلە ئاوەکە لە سنووری ئاساییدا دەبێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "بەنداوی حەدیسە توانای هەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم بڕە ئاوانەدا بکات بەبێ هیچ کاریگەرییەکی نیگەرانکەر."
راشیگەیاند: "ئەو وردەکارییە تەکنیکیانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکەوە پێشکەش کران دڵنیاکەرەوە بوون، و قەبارەی کۆگای پێشبینیکراو ئەرێنی و گرنگ دەبێت، بەتایبەت دوای ئەو ساڵانەی ڕابردوو کە شاهیدی دابەزینێکی گەورەی ئاستی ئاو و کەمییەکی دیاری کۆگای ئاو بوون."
ڕوونیشی کردەوە: "وەزارەت لە چوارچێوەی دیدگایەکی گشتگیردا کار دەکات بۆ لەخۆگرتنی هەر بڕە ئاوێکی هاتوو، لەگەڵ مسۆگەرکردنی زۆرترین سوود لێوەرگرتنی بۆ بەهێزکردنی کۆگای ستراتیژی و دابینکردنی پلانی هاوینەی ئەمساڵ."
سەبارەت بە مەترسی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە نزیک ڕێڕەوی ڕووباری فورات دەژین، وەزیر جەختیکردەوە: "سەرجەم کۆبوونەوەکان و ڕاپۆرتە تەکنیکی و ئەمنییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ شتێک نییە ببێتە هۆی نیگەرانی"، وتیشی: "هەماهەنگی بە شێوەیەکی بەردەوام لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای ئەنبار و دەزگا ئەمنییەکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکاندا هەیە."
ئاشكراشیكرد: "فەرماندەیی هێزەکانی وشکانی و دەزگا ئەمنی و خۆجێییەکان ئامادەیی تەواویان نیشانداوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر بارودۆخێکی لەناکاوی ئەگەردا"، ڕوونیشیکردەوە کە "کارەکان بە نەرمی و ئاسانییەکی زۆرەوە بەڕێوەدەچن و تا ئێستا هیچ ئاڵۆزییەک نییە."
ئەوەشی ڕوونکردەوە: "بڕی بەردانەوەی ئاوی ئێستا دەگاتە نزیکەی 700 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا، کە ئەمەش لە سنوورێکی گونجاو دایە"، جەختیشیکردەوە: "وەزارەت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و لەسەرانسەری کاتژمێرەکاندا بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان دەکات."