🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

ئەعرەجی: سەقامگیریی ناوچەیی بەبێ ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتەکان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز بەدی نایەت

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/28 19:41

بەغدا – INA

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، ئەمڕۆ پێنجشەممە جەختی کردەوە کە سەقامگیریی ناوچەیی بەبێ ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتەکان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز بەدی نایەت، ئاماژەشی بەوە کرد کە عێراق خاوەن ئەزموونێکی قووڵ و ڕاستەوخۆیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا.

نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە ڕایگەیاند: قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی، لە وتارەکەیدا لە یەکەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئاسایش - چواردەیەمین کۆبوونەوەی نێودەوڵەتیی گەورە بەرپرسانی کاروباری ئاسایش کە لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا بەڕێوەچوو، وتی: سڵاوی حکومەت و گەلی عێراقتان ئاراستە دەکەم، و دەستخۆشی لەم پلاتفۆرمە نێودەوڵەتییە گرنگە دەکەم کە لە بارودۆخێکی نێودەوڵەتیی زۆر هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکان خێرا بوون و تەحەددییە ئەمنییەکان زیادیان کردووە و قەیرانە سیاسی، ئابووری و مرۆییەکان بە شێوەیەکی بێوێنە تێکەڵ بوون.

وتیشی: ئەو تەحەددییانەی جیهانی ئەمڕۆ ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش دەخاتە سەر شانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دووبارە چەسپاندنی بنەماکانی ئاسایش و سەقامگیری بەگوێرەی بنەماکانی دادپەروەری، ڕێزگرتن لە سەروەری، و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.

ئەعرەجی جەختی کردەوە کە عێراق بەو ئەزموونە قووڵ و ڕاستەوخۆیەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، توندڕەوی و ململانێ درێژخایەنەکاندا هەیەتی، ئەمڕۆ زیاتر لە هەر کاتێک درک بەوە دەکات کە ئاسایشی ڕاستەقینە تەنها بە هێزی سەربازی دروست نابێت، و بە لۆژیکی هەیمەنە یان سیاسەتی ئەمری واقع ناسەپێندرێت، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوسەنگیی ستراتیژی، ڕێگریی بەرپرسیارانە، هاوبەشیی یەکسان، و دیالۆگی بونیادنراو لەسەر ڕێزی بەرامبەر و بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاد دەنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان سەلماندوویانە کە جەنگەکان، هەرچەندە توانای سنووردارکردنی هەڕەشەیەکی کاتییان هەبێت، ناتوانن بە تەنها ئاشتییەکی هەمیشەیی یان سەقامگیرییەکی بەردەوام دروست بکەن، چونکە سەقامگیریی ڕاستەقینە لە چارەسەرکردنی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی قەیرانەکانەوە دەستپێدەکات، چ سیاسی بن یان ئابووری، کۆمەڵایەتی و فیکری، چونکە پشتگوێخستنی هۆکارە ڕاستەقینەکانی ململانێکان تەنها دەبێتە هۆی دووبارە بەرهەمهێنانەوەی قەیرانەکان بە شێوەیەکی ئاڵۆزتر و مەترسیدارتر.

ئەعرەجی بەردەوام بوو و وتی: عێراق سەرکۆنەی ئەو جەنگە بێ پاساوە دەکات کە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگیرساوە، هەروەها بە توندترین شێوە سەرکۆنەی بۆردومانکردنی مەدەنییەکان و قوتابخانەکان و کوشتنی منداڵان دەکات و بە کارێکی نائەخلاقی و پێشێلکارییەکی ڕوونی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییان دادەنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق نابێتە گۆڕەپانی ململانێ یان یەکلاکردنەوەی حساباتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو دەوڵەتێکی خاوەن سەروەرییە و شوێنێکە بۆ دیالۆگ و ڕەگەزێکی هاوسەنگی و سەقامگیرییە لە دەوروبەری ناوچەییەکەیدا.

تیشکی خستە سەر ئەوەی کە سەروەریی عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی و یەکپارچەیی خاکەکەی، بنەمایەکی نەگۆڕن و قابیلی سازش یان دابەشکردن نین، و عێراق ڕێگە نادات خاکەکەی یان تواناکانی ببنە سەرچاوەیەک بۆ هەر کارێک کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیریی دەوڵەتانی دیکە بکات.

ئەعرەجی ڕاشیگەیاند: عێراق بڕوای وایە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییە سەرکەوتووەکان دەبێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، ڕێزی بەرامبەر، و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی بێت، بەدوور لە سیاسەتی جەمسەرگیری کە ئەزموونەکان سەلماندوویانە یەکێکە لە هۆکارەکانی ئاڵۆزکردنی قەیرانەکان، ئاماژەشی بەوە کرد کە عێراق دیالۆگ و دیپلۆماسی لە پێشینەی ئامرازەکانی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و چارەسەرکردنی ململانێکان دادەنێت، چونکە بڕوای وایە چارەسەرە بەردەوامەکان بە هێز ناسەپێندرێن، بەڵکو لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی سیاسی و دیدگای هاوبەشەوە بونیاد دەنرێن.

وتیشی: هەڕەشە ئەمنییەکان لە جیهانی ئەمڕۆدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی گۆڕاون، ئاڵینگارییەکان تەنها لە ململانێ کلاسیکییەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکو تیرۆری تێپەڕێنەری سنوور، تاوانی ڕێکخراو، هەڕەشەی سایبەری، جەنگی زانیاری و ئاڵینگارییە ئابوورییەکان دەگرێتەوە کە هەندێک جار وەک ئامرازی فشاری ستراتیژی بەکاردێن، ئەم واقیعەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئاسایشی دەوڵەتان چیتر چەمکێکی جیاکراوە نییە، بەڵکو بووەتە سیستمێکی پێکەوەبەستراو کە تێیدا سەقامگیری ناوخۆیی کاریگەریی هاوسەنگیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی لەسەرە.

ئەعرەجی جەختی کردەوە کە عێراق داوا دەکات دیدگایەکی نێودەوڵەتیی هاوسەنگتر و کاراتر بونیاد بنرێت، کە لەسەر بنەمای بەهێزکردنی هەماهەنگیی ئەمنی و هەواڵگری، ئاڵوگۆڕی زانیاری، وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر و توندڕەوی، ڕێگریکردن لە گرژییەکان، و کاراکردنی ڕۆڵی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بەدوور لە هەڵبژاردەیی یان بەسیاسیکردن بێت.

ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق جەخت دەکاتەوە کە سەقامگیریی ناوچەیی بەبێ ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتەکان و ڕەتکردنەوەی بەکارهێنانی هێز لە دەرەوەی چوارچێوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی بەدی نایەت، هەروەها پێویستی بە کارکردنی جدی هەیە بۆ سنووردارکردنی جێگەکانی گرژی پێش ئەوەی بگۆڕێن بۆ قەیرانێک کە هەڕەشە لە ئاسایشی بە کۆمەڵ بکەن.

لە کۆتاییدا ئەعرەجی وتی: عێراق دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری و هاوبەشێکی بەرپرسیار و ڕەگەزێکی کارایە لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، و بڕوای وایە ئاشتیی ڕاستەقینە تەنها بە هێز دروست نابێت، بەڵکو بە ئیرادەی سیاسی و دیدگای ستراتیژی و توانای بونیادنانی متمانە لە نێوان دەوڵەتان و گەلاندا دەبێت، و ڕوونیشیکردەوە: پاپەندبوونی عێراق نوێ دەکەینەوە بۆ ئەوەی وەک دەنگی دانایی، پردی دیالۆگ، و هاوبەشێک لە دروستکردنی داهاتوویەکی ئارامتر، هاوسەنگتر و سەقامگیرتر بۆ هەموان بمێنێتەوە.

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)