بەغدا - INA
مستەفا سەنەد، وەزیری گەیاندن، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لە هەفتەی داهاتووەوە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکاندا دەستپێدەکات.
وەزیر لە ڕاگەیەندراوێکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێرداروە ڕایگەیاند: ڕاسپاردەمان داوە بە کۆمپانیای گشتیی گەیاندن و زانیاری بۆ دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر (Free Wi-Fi)، لە هەفتەی داهاتووەوە کە هاوکاتە لەگەڵ ١٨ی زولحیجە (جەژنی غەدیری پیرۆز)، لە مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکاندا، و ئامادەکردنی هەموو پێداویستییەکان بۆ سەرکەوتنی وەرزەکانی سەردانی ساڵانە، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی (ئێرسلینک، عێراق سێڵ، سوپەر سێڵ، فایبەر ئێکس، جەزیرە، و ئەلسەباح تەکنیک)، بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەکەم: خزمەتگوزارییە هەفتەییە بەردەوامەکان:
دەستپێکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە تەواوی ڕۆژانی ساڵدا لەم شوێنانەدا (مەزارگە پیرۆزەکان و دەوروبەریان):
• مەزارگەی پیرۆزی عەلەوی (نەجەف).
• مەزارگەی پیرۆزی حوسێنی (کەربەلا).
• مەزارگەی پیرۆزی عەباسی (کەربەلا).
• مەزارگەی پیرۆزی کازمێن (بەغداد).
• مەزارگەی پیرۆزی عەسکەریین (سامەڕا).
• مەزارگەی ئەبو حەنیفەی نعمان (ئەعزەمییە).
**دووەم: خزمەتگوزارییەکانی تایبەت بە بۆنە ئایینییەکان:
دابینکردنی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە (نەجەفی ئەشرەف، ناوچەی نێوان هەردوو حەرەم لە کەربەلای پیرۆز، کازمێنی پیرۆز، سامەڕا، و مەزارگەی ئەبو حەنیفەی نعمان) لە کاتی ئەم بۆنە ئایینیانەدا:
• یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ).
• یادی مەبعەسی پێغەمبەر (د.خ).
• جەژنی غەدیری پیرۆز.
• سەردانی شەعبانییە.
• یادی لەدایکبوون و وەفاتی ئیمامە پاکەکان (سەلامیان لێبێت).
• لە یەکی محەڕەمەوە تاوەکو کۆتایی مانگی سەفەر.
• بۆنە ئایینییە تایبەتەکان.
سێیەم: پلانی سەردانەکانی عاشورا و چلە بۆ ساڵی (١٤٤٨ک / ٢٠٢٦ز):
دانانی پلانێکی گشتگیر و فراوان بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاریی گەیاندن بەو زیارەتکارانەی بۆ یادی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن و براکەی ئیمام عەباس (سەلامیان لێبێت) دێن، کە ئەمانە لەخۆدەگرێت:
• کاراکردنی هێڵ و تواناکان: کاراکردنی هەموو ڕێڕەو و توانا نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی کۆمپانیاکان؛ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گەیاندن و ئینتەرنێتی بێبەرامبەر بە زیارەتکاران لە ناوچەی نێوان هەردوو حەرەم و دەوروبەریان، لە یەکی محەڕەمەوە تا کۆتایی مانگی سەفەر.
• ئامادەکردنی دەروازە سنوورییەکان:دابینکردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی بێبەرامبەر لە هەموو ئەو دەروازە و ڕێڕەوانەی زیارەتکارانی لێوە دێنە ناو وڵات.
سەبارەت بە نمایشە بازرگانی و ڕیکلامەکان، بەگوێرەی راگەیەندراوەکە وەزیر کۆمپانیاکانی پابەند کردووە بە پێشکەشکردنی نمایشی گونجاو و ئامادەکردنی کەرەستەی ڕیکلامی شیاو کە تێیدا هەوڵەکانی وەزارەتی گەیاندن لە پێشکەشکردنی پشتگیریی تەواو و بێبەرامبەر بۆ خزمەتی زیارەتکاران دەربخات