بەغداد – INA - نەساڕ حاج
دیمەنی سیاسی، ئەمڕۆ چوارشەممە، کاردانەوەیەکی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی لە دوای ڕاگەیاندنی دابڕانی "سەرایا سەلام" لەلایەن رابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەیدموقتەدا سەدر و پەیوەندیکردنیان بە دەوڵەتەوە.
سەرۆک وەزیران پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی سەید سەدر دەربڕی و جەختی کردەوە کە:
"پەیوەندیکردنی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام بە دەوڵەتەوە و خستنەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، لە سۆنگەی پەرۆشییەوە دێت بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی شکۆ و سەروەریی یاسا."
سەرۆک وەزیران لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: "پێزانینمان هەیە بۆ ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەی کە ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر ڕایگەیاند، کە خۆی لە پەیوەستبوونی پێکهاتەکانی سەرایا سەلام بە دەوڵەتەوە دەبینێتەوە و خستنیانە ژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، ئەمەش لەبەر پەرۆشی بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و چەسپاندنی شکۆ و سەروەریی یاسا".
تەئکیدیشیکردەوە: کە "ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکی گرنگە لە پێناو بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی و چەسپاندنی بنەمای قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و پاڵپشتیکردنی دەزگا ئەمنییەکان لە ڕاپەڕاندنی ئەرکە نیشتمانی و دەستوورییەکانیاندا".
زەیدی داوای لە "هەموو کوتلە چەکدارەکان کرد کە پەیڕەوی هەمان ڕێڕەوی نیشتمانیی بەرپرسیارانە بکەن و لەژێر چەتری دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکانیدا کار بکەن، ئەمەش بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی عێراق و پاراستنی سەروەرییەکەی و بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، لەو بنەمایەوە کە دەوڵەت تەنها لایەنی ڕێپێدراوە بۆ قۆرخکردنی چەک و جێبەجێکردنی یاسا".
ئاماژەی بەوەشکرد: "قۆناغی ئێستا پێویستی بە هاوکاریکردنی هەوڵەکانی هەموان و پێشخستنی بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و پاراستنی یەکڕیزی، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق هەیە، لەگەڵ بەهێزکردنی متمانەی هاووڵاتیان بە دامەزراوە دەستوورییەکانیان لە سایەی دەوڵەتێکی بەهێزدا کە یاسا تێیدا سەروەر بێت".
لە لایەن خۆیەوە، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: پێزانینی هەیە بۆ هەڵوێستی ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، سەبارەت بە دابڕانی سەرایا سەلام و پەیوەستبوونی بە دەوڵەتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: زۆر بە بەرزی دەنرخێنین ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەی ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، سەبارەت بە دابڕانی سەرایا سەلام و پەیوەستبوونی تەواوی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، و بە هەنگاوێکی گرنگی دادەنێین لە پێناو پاڵپشتیکردنی شکۆی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا.
تەئکیدیشیكردەوە: عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە کۆمەڵێک بارودۆخی نائاسایی، شەڕ و تەحەددییە ئەمنییە گەورەکاندا تێپەڕی کە سروشتێکی تایبەتیان بەسەر ئەو قۆناغەدا سەپاند، بەڵام وڵات ئەمڕۆ بەرەو بونیادنان، ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی سەقامگیری هەنگاو دەنێت، ئەمەش وا دەخوازێت پاڵپشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت و ئامادەیییان بەهێز بکرێت و توانایان پێبدرێت بۆ ڕاپەڕاندنی ڕۆڵی تەواوی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا.
هەروەها داوا دەکەین کە هەنگاوە نیشتمانییە بەرپرسیارەکان بەردەوام بن کە بەشدارن لە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا، و دوورخستنەوەی وڵات لە هەر گرژی و دابەشبوونێک، و کارکردن بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی نیشتمانی. تەئکیدیشدەکەینەوە، کە ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز هەیە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هەبێت، و کار بکات بۆ بەدیهێنانی سەروەریی نیشتمانی، بە شێوازێک کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی بپارێزێت.
شیکەرەوان و شارەزایانی سیاسی ستایشی ئەم هەنگاوەیان کرد، و شیکەرەوەی سیاسی هادی جەلۆ مەرعی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: "ڕاگەیاندنی سەید سەدر بۆ دابڕانی سەرایا سەلام و پەیوەندیکردنیان بە دەوڵەتەوە، پاڵپشتی لە بانگەوازەکەی سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی دەکات بۆ هەمووان بۆ کارکردن لەژێر سێبەری دەوڵەتدا".
ئاماژەی بەوەشکرد:ە "ئەم هەنگاوە سەرەتایەکە بۆ سنورداركردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و ڕەنگە متمانەی لایەنە چەکدارەکانی تریش بەهێز بکات بۆ گرتنەبەری هەنگاوی هاوشێوە بۆ پاڵپشتیکردنی دامەزراوە حکومییەکان"، لایەنێکی تریشی خستەڕوو کە "سەقامگیری واقیعی سیاسی و ئەمنی فاکتەرێکی سەرەکییە لە ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی کۆمپانیاکان بۆ ناو بازاڕی عێراق".
لای خۆیەوە، شیکەرەوەی سیاسی نەبیل عەزاوی هەنگاوەکەی سەید سەدری بە "گرنگ و ئەژمارکراو" وەسف کرد، و ئاماژەی بەوەکرد: کە "قۆناغی ئێستا پێویستی بە دیدگایەکی دەوڵەتی هەیە کە ڕێڕەوەکانی داهاتوو دیاری بکات".
عەزاوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، جەختیکردەوە کە "دەوڵەت تاکە لایەنی ڕێگەپێدراوە بۆ قۆرخکردنی چەک و جێبەجێکردنی یاسا"، و پێشبینی کرد "هەنگاوی هاوشێوەی دیکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە بنرێت، بەتایبەت لەبەر ڕۆشنایی پێویستی بە ڕێگریکردن لە هەر دەستوەردانێکی دەرەکی یان کێشەی ناوخۆیی".
لە لایەکی ترەوە، شیکەرەوەی سیاسی غالیب دەعمی پێی وابوو کە "سەید سەدر زوو خوێندنەوەی بۆ دیمەنە سیاسییەکە کردووە"، و ڕوونی کردەوە کە "بوونی چەک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت لاوازی دەکات و پێگەی کەم دەکاتەوە".
دەعمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: "ڕەوتی سەدری هەمووانی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە: هیچ دەوڵەتێک لەگەڵ چەکدا بوونی نابێت"، وتیشی: "ئەم هەنگاوە بەشدار دەبێت لە خێراکردنی پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان و بەهێزکردنی سەقامگیری، بەتایبەت کە هاووڵاتی عێراقی دەیەوێت چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت".
لەم چوارچێوەیەدا، شیکەرەوەی ئەمنی فازڵ ئەبو ڕەغیف بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، جەختیکردەوە کە "ئەمە یەکەمجار نییە سەید سەدر هەڵوێستی لەو شێوەیە وەربگرێت"، ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێشتر داوای جیاکردنەوەی کاری سیاسی و کاری سەربازی کردووە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی حاڵەتێکە لە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و دوورخستنەوەی خولی توندوتیژی لە کۆمەڵگەی عێراقی".
ئەبو ڕەغیف وتیشی: "بانگەوازەکەی سەرۆک وەزیران بووە هۆی ڕەزامەندی پێنج گرووپی چەکدار بۆ ڕادەستکردنی چەکە مامناوەند و قورس و سووکەکانیان"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم هەنگاوانە ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ناوخۆیی و بەهێزکردنی تەبایی نیشتمانی و هەرێمی لە ڕێگەی قۆرخکردنی چەک لەلایەن دەوڵەتەوە".
ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ چوارشەممە، دابڕانی سەرایای سەلامی لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعە و پەیوەستبوونیانی بە دەوڵەتەوە ڕاگەیاند.
سەید سەدر لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی نێردراوە، ڕایگەیاند: "لە سۆنگەی بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانەوە، و بۆ خۆلادان لەو مەترسییانەی دەورەی نیشتمانیان داوە، بووە کارێکی پێویست لەسەرمان کە دابڕانی تەواوەتیی سەرایای سەلام لە ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، و پەیوەستبوونی تەواوەتییان بە دەوڵەت و بەرپرسی گشتیی پێکهاتە سەربازییەکانەوە ڕابگەیەنین، بە مەرجێک ئەو لایەنە مەدەنییانەی سەر بە سەرایان ببنە بەشێک لە پێكهاتەی پتەو بەبێ هیچ بارەگا، چەک، جیاکەرەوەو ناونیشان یان هەر شتێکی دیکە بێت".
ئاشكراشیكرد: "لە کۆتاییدا، تەنها ئەوەم لەسەرە کە سوپاسی پێکهاتە سەربازییەکانی سەرایای سەلام بکەم بۆ هەموو جیهادی گەورە و بچوکیان، و خودا خۆش بێت لە هەر کەسێک کە بە گشتی لەگەڵ بیروباوەڕی ئاینی، عەقیدەیی و کۆمەڵایەتیماندا نەگونجاوە".