بەدواداچوون - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا دابەزینێکی توندیان بە ڕێژەی زیاتر لە 5% تۆمار کرد، ئەمەش بەهۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی تێگەیشتنی سەرەتایی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران کە ڕەنگە ببێتە هۆی دووبارە کردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز لەبەردەم هاتوچۆی دەریایی بازرگانیدا.
لەکاتژمێر 02:22 بەکاتی گرینچ، گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 6.3% دابەزین و گەیشتنە 93.23 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە کاتێکدا نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تەکساس (نەوتی ئەمریکی) بە ڕێژەی نێزیکەی 4.7% دابەزی و لەسەر 89.46 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک جێگیر بوو.
ئەم دابەزینە توندە دوای ئەوە هات کە تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران ڕایگەیاند: تاران ڕەشنووسی چوارچێوەیەکی سەرەتایی "نافەرمی" بۆ یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستهێناوە، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە ململانێی سەربازی نێوان هەردوولا. بەپێی ئەم چوارچێوەیە، ئێران لە ماوەی مانگێکدا ڕێگە بە گەڕانەوەی هاتوچۆی دەریایی بازرگانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دەدات بۆ ئاستی پێش جەنگ، لە بەرامبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە دەوروبەری ئێران دەکشێنێتەوە و گەمارۆی دەریایی سەر ئەو وڵاتە لادەبات، لەگەڵ ئەگەری پەسەندکردنی بڕیارێکی پابەندکەر لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە ئەگەر لە ماوەی 60 ڕۆژدا ڕێککەوتنی کۆتایی بێتە ئاراوە.
لەکاتی خوێندنەوەی شیکاریی بازاڕەکەدا، تاماس ڤارگا، شیکەرەوەی ئابووری لە کۆمپانیای "پی ڤی ئێم" ڕایگەیاند: "بازاڕەکان بە خێرایی کاردانەوەیان هەبوو بەرامبەر بە هەنگاوە بەرجەستەکان بەرەو کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە و زیادبوونی ژمارەی ئەو کەشتیانەی کە بەم گەرووە گرنگەدا تێدەپەڕن، ئەمەش دووبارە گوشاری دابەزاندنی خستەوە سەر نرخەکان".
پێشتر ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان ببوونە هۆی داخرانی نێودەوڵەتیی نیمچە تەواوی گەرووی هورمز ــ کە نێزیکەی 20%ی پێداویستی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت ــ ئەمەش لە ماوەی ڕابردوودا نرخەکانی گەیاندبووە ئاستێکی پێوانەیی، بەشێوەیەک گرێبەستەکانی برێنت بۆ مانگی تەممووز لە دانیشتنی پێشوودا بە ڕێژەی 3.6% بەرزبوو بوونەوە دوای هێرشە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پێش ئەوەی ئاراستەی پێوەرەکان بەپێی ڕێڕەوە دیپلۆماسییەکەی ئەم دواییە بەرەو سەر و خوار پێچەوانە ببنەوە.