بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، هەیبەت حەلبووسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند: پێزانینی هەیە بۆ هەڵوێستی ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، سەبارەت بە دابڕانی سەرایا سەلام و پەیوەستبوونی بە دەوڵەتەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: زۆر بە بەرزی دەنرخێنین ئەو هەڵوێستە نیشتمانییە بەرپرسیارانەی ڕابەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە سەید موقتەدا سەدر، سەبارەت بە دابڕانی سەرایا سەلام و پەیوەستبوونی تەواوی بە دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە، و بە هەنگاوێکی گرنگی دادەنێین لە پێناو پاڵپشتیکردنی شکۆی دەوڵەت و بەهێزکردنی سەقامگیری و چەسپاندنی دەسەڵاتی یاسا.
تەئکیدیشیكردەوە: عێراق لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بە کۆمەڵێک بارودۆخی نائاسایی، شەڕ و تەحەددییە ئەمنییە گەورەکاندا تێپەڕی کە سروشتێکی تایبەتیان بەسەر ئەو قۆناغەدا سەپاند، بەڵام وڵات ئەمڕۆ بەرەو بونیادنان، ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی سەقامگیری هەنگاو دەنێت، ئەمەش وا دەخوازێت پاڵپشتی دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت و ئامادەیییان بەهێز بکرێت و توانایان پێبدرێت بۆ ڕاپەڕاندنی ڕۆڵی تەواوی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و خزمەتکردنی هاووڵاتیاندا.
هەروەها داوا دەکەین کە هەنگاوە نیشتمانییە بەرپرسیارەکان بەردەوام بن کە بەشدارن لە قەتیسکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، و پابەندبوون بە دەستوور و یاسا، و دوورخستنەوەی وڵات لە هەر گرژی و دابەشبوونێک، و کارکردن بە ڕۆحیەتی بەرپرسیارێتی نیشتمانی. تەئکیدیشدەکەینەوە، کە ئێمە ئەمڕۆ پێویستمان بە بونیادنانی دەوڵەتێکی بەهێز هەیە کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هەبێت، و کار بکات بۆ بەدیهێنانی سەروەریی نیشتمانی، بە شێوازێک کە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەهێز بکات و بەرژەوەندییەکانی گەلەکەی بپارێزێت.