بەغداد - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی بەرگری کاندیدکردنی لیوا سەمیر محەمەد عەبدولمەلیک ئەلدێلمی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری ڕەتکردەوە، هاوکات بوونی هەر دۆسیەیەکی تایبەت بە گومانی گەندەڵی دژ بە وەزارەت و چەند بەرپرسێکی ناو وەزارەتەکەی بەدرۆخستەوە.
وەزارەتی بەرگری لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "وەزارەتی بەرگری ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە لە ڕێگەی هەندێک ماڵپەڕ و تۆڕی کۆمەڵایەتییەوە بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە کاندیدکردنی لیوا سەمیر محەمەد عەبدولمەلیک ئەلدێلمی بۆ پۆستی وەزیری بەرگری، و بوونی دۆسیەی تایبەت بە گومانی گەندەڵی کە لەلایەن بەڕێز لیواوە لە دژی وەزارەت و چەند بەرپرسێکی ناو وەزارەتەکە لەبەردەستدا بێت"، ئاماژەی بەوەش کرد کە "وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و زیان بە ناوبانگی ئەم دامەزراوە سەربازییە دێرینە دەگەیەنن".
ڕوونیشیکردەوە کە "وەزارەتی بەرگری داوا لە سەرجەم دامەزراوە میدیاییەکان و ڕاگەیاندنکاران دەکات کە پشت بە سەرچاوە فەرمییەکانی تایبەت بە وەزارەتی بەرگری ببەستن، کە خۆی لە ماڵپەڕی فەرمی و لاپەڕەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینێتەوە، و وردبن لە گواستنەوەی زانیارییەکاندا و نەکەونە داوی ئەو لاپەڕە زەردانەوە کە هەوڵی لەکەدارکردنی وەزارەت دەدەن".