🏠 سەرەکی ڕێبەری خزمەتگوزارییەکانهەڵبژاردنتەکنەلۆژیا و زانستبازاڕ
🏠

دەستەی ڕاگەیاندن: ئامادەکردنی ١٠ تیمی پسپۆڕ و ٣٣ تەکنیکار لە چوارچێوەی پلانی جەژندا

ئاژانسی هەواڵی عێراقی 2026/05/26 13:17

بەغداد - INA

ئەمڕۆ سێشەممە، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن ئامادەکردنی ١٠ تیمی پسپۆڕ و ٣٣ تەکنیکاری لە چوارچێوەی پلانی جەژندا ڕاگەیاند.

دەستەکە لەراگەیندراوەكەدا كه‌ بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه‌ تێیدا هاتووه‌ : "دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن تەواوبوونی پلانی ڕاپەڕاندنی خۆی ڕاگەیاند بە مەبەستی مسۆگەرکردنی جێگیریی تۆڕەکانی مۆبایل و خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت لە ڕۆژانی جەژنی قوربانی پیرۆزدا، بە شێوازێک کە بەردەوامیی خزمەتگوزارییەکە بۆ هاووڵاتییان لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا زامن بکات".

بەپێی راگه‌یندراوه‌كه‌ی، دەستەکە جەختی کردووەتەوە کە "ڕێنمایی داوەتە کۆمپانیا ڕێگەپێدراوەکانی مۆبایل بۆ پابەندبوون بە ئاستەکانی کوالێتی پەسەندکراو لە کاتەکانی لۆد و قەرەباڵغیدا، ئەمەش لەسەر بنەمای فەرمانی یاسادانانی ژمارە ٦٥ی ساڵی ٢٠٠٤ و ڕێسای بەرکاری کوالێتی خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کۆمپانیایەک کە کەمتهەم تەرخەمی بکات لە پابەندییە تەکنیکی یان گرێبەستییەکانی خۆیدا".

روونیشیکردەوە کە "لە چوارچێوەی پلانی چاودێریکردنی خۆیدا، فەرمانگەی کوالێتی خزمەتگوزاری لە دەستەکەدا (١٠) تیمی مەیدانی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراقدا بڵاو دەکاتەوە، لە نێوانیاندا بەغدادی پایتەخت، کە (٣٣) تەکنیکاری پسپۆڕ لەخۆدەگرن، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایل کە لە وڵاتدا کاردەکەن، بۆ بەدواداچوونی کوالێتی خزمەتگوزارییەکان لە ناوەندە بازرگانییەکان (مۆڵەکان)، شارەکانی یاری، شەقامە سەرەکییەکان و ئەو ناوچانەی چڕی دانیشتوانیان بەرزە".

ئەوەشی خستە ڕوو کە "تیمە تەکنیکییەکان پێوانەکردنی مەیدانی بۆ خێرایی گواستنەوەی داتاکان و کوالێتی پەیوەندییە دەنگییەکان ئەنجام دەدەن بە بەکارهێنانی ئامێری پێوانەکردنی پەسەندکراو، سەرەڕای بەدواداچوونی ئەو سکاڵایانەی کە لە ڕێگەی سەکۆی (دەنگی بەکاربەر)ـەوە دەگەن و وەڵامدانەوەی دەستبەجێیان. هەروەها ژوورێکی ئەلیکترۆنی هاوبەشی کارپێکردن لەگەڵ کۆمپانیاکانی مۆبایلدا چالاک کراوە کە بەدرێژایی ٢٤ کاتژمێر لە ڕۆژانی جەژندا کاردەکات، بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی تەکنیکی یان سکاڵایەک و گەرەنتی بەردەوامی خزمەتگوزارییەکە بەبێ پچڕان".

ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم ئامادەییە لە چوارچێوەی سیستمێکی چاودێری گشتگیردایە کە ساڵانە بەڕێوەی دەبات بۆ داپۆشینی نزیکەی (١٣) بۆنەی نیشتمانی و ئاینی گەورە، لەپاڵ چالاکییە وەرزشییەکان و ئەو بۆنانەی کە لۆدێکی نائاسایی دەخەنە سەر تۆڕەکانی پەیوەندی".

بۆ خوێندنەوەی تەواوی هەواڵەکە (ئاژانسی هەواڵی عێراقی)