بەغداد - INA
ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد، ئەمڕۆ سێشەممە، جەختی لەسەر پێویستی پابەندبوونی خاوەن مۆلیدەکان بە نرخی فەرمی دیاریکراو و کاتژمێرەکانی کارپێکردنی بڕیاردراو کردەوە، هاوکات هۆشداری دا لە گرتنەبەری ڕێکاری توند بەرامبەر سەرپێچیکاران و ئەوانەی یاری بە نرخەوە دەکەن.
ئەنجومەنەکە لەراگەیندراوەكەدا كه بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA) نێردراوه تێیدا هاتووه : "حەیدەر موحان فەییاز، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی پارێزگای بەغداد، ستایشی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد بۆ زیادکردنی بەشە سووتەمەنی (گاز)ی خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان، و جەختی لەسەر گرنگی بڕیارەکە کردەوە لە سووککردنی بارگرانی سەر شانی هاووڵاتییان لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما."
فەییاز بەپێی راگهیندراوهكه ڕایگەیاندووە: "ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریداوە بە دابینکردنی بەرهەمی گازی شل بۆ خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکان بە تێکڕای (40) لیتر مانگانە بۆ هەر (1 KVA) لە بەرهەمهێنان، بۆ ماوەی سێ مانگ، وە بە نرخێکی پاڵپشتیکراو کە (200) دینارە بۆ هەر لیترێک لەبری (400) دینار." ناوبراو جەختیشی لەسەر "پێویستی پابەندبوونی خاوەن مۆلیدەکان بە نرخی فەرمی دیاریکراو و کاتژمێرەکانی کارپێکردنی بڕیاردراو کردەوە، و هۆشداریشی دا لە گرتنەبەری ڕێکاری توند دژی سەرپێچیکاران و ئەوانەی یاری بە مافی هاووڵاتییانەوە دەکەن."
راگهیندراوهكه لە درێژەدا هێناویەتی کە "فەییاز داوای لە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان لە قایمقام و بەڕێوبەری ناحیەکان کردووە کە بەسەرکردنەوە مەیدانییەکانیان چڕتر بکەنەوە و بەدواداچوون بۆ کاری خاوەن مۆلیدەکان بکەن، فەزڵەن لەسەر کاراکردنی میکانیزمەکانی پێشوازیکردن لە سکاڵای هاووڵاتییان بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە ڕێنماییە حکومییەکان و بەدیهێنانی دادپەروەری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریدا." هەروەها جەختی کردەوە کە "قۆناغی داهاتوو پێویستی بە هاوکارییەکی ڕژد هەیە لە نێوان لایەنە چاودێری و کارگێڕییەکان و خاوەن مۆلیدەکان بۆ دڵنیابوون لە جێگیربوونی وزەی کارەبا و کەمکردنەوەی ناڕەحەتییەکانی دانیشتووان لە ماوەی وەرزی هاویندا."